قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، لەگەڵ باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکانن بەشێوازێک ببێتە مایەی خێر بۆ هەمو پێکهاتەکانی عێراق و هەرێم بێ جیاوازی، “هەر بۆیەش دەبێت سەرەتا پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین دواتر بیر لە هەناردەکردن بۆ دەرەوەی هەرێم بکەینەوە”.
قوباد تاڵەبانی لەپەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە یۆنان ئەمڕۆ ههینی لەگەڵ نیكۆس كریستودولیدیس، سەرۆکی وڵاتی قوبرس کۆبوەوە و باسیان لە دواپێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان کرد، لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ باشترکردنی پڕۆسەی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان و ئەم کۆڕبەندەش باشترین دەرفەتە بۆ سودوەرگرتن لەئەزمونی وڵاتانی تر.
بهپێی راگهیهندراوێكی نوسینگهكهی، هەروەها باس لە سودوەرگرتن لە ئەزمونە پێشکەوتوەکان و چۆنییەتی کارکردن بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و رێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان کرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە “لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە و نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەسترێت چونکە وەک بینیمان لەماوەی رابردو ئەو تاکە سەرچاوەیە گرفتی دارایی و ناسەقامگیری ئابوری بۆ دروستکردوین”.
قوباد تاڵەبانی ههر ئهمڕۆ لەگەڵ ڕومێن ڕادێڤ، سەرۆکی بولگاریا کۆبوەوە و پێکەوە باسی پەیوەندییەکان و دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانیان کرد، لەمیانی کۆبونەوەکەدا سەرۆکی بولگاریا جەختیان لەگرنگی باشترکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و بولگاریا کردەوە.
لەبارەی باشترکردنی شێوازی حوکمڕانی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە، “بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان پێویستمان بەسود وەرگرتنە لە ئەزمونی پێشکەوتوی وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی باشتر و دروستمان هەبێت لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان”.
لەبارەی ئیدارەدانی سەرچاوە سروشتییەکانەوە، جێگری سەرۆک وەزیران وتی، “ئێمە لەگەڵ باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکانین بەشێوازێک ببێتە مایەی خێر بۆ هەمو پێکهاتەکانی عێراق و هەرێم بێ جیاوازی، هەر بۆیەش دەبێت سەرەتا پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین دواتر بیر لە هەناردەکردن بۆ دەرەوەی هەرێم بکەینەوە”.
ئهوهشی خستهڕو، “پێویستە تەنها پشت بە نەوت نەبەستین وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی دارایی، بەڵکو دەبێت سود لە سێکتەرەکانی تری وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی و کەرتی تایبەت بە گشتی وەربگرین و پەرەیان پێبدەین”.