“قوباد تاڵەبانی” جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پشتگیری حكومەتی هەرێمی بۆ كەرتی تایبەت دووپات كردەوە و رایگەیاند، دەبێت كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران بكرێت.
“قوباد تاڵەبانی” جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرانی پەیوەست بە وەبەرهێنان، تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنانی كرد و پشتگیری حكومەتی هەرێمی بۆ كەرتی تایبەت دووپات كردەوە و رایگەیاند، لەپێناو هاندانی زیاتری كاری وەبەرهێنان، دەبێت كارئاسانی تەواو بكرێت بۆ وەبەرهێنەران و رۆتین بە تەواوەتی كەم بكرێتەوە.
“قوباد تاڵەبانی” وتیشی پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەكانیانە لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، دەشبێت كار بۆ ئەوە بكرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەكانی تری عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ كاری وەبەرهێنان رووبكەنە پارێزگای سلێمانی.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، مەبەستیانە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەولەویەت بدرێت بەو پڕۆژانەی كە تایبەت دەبن بە چینی كەمدەرامەت، جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگیدان بە پڕۆژەكانی گەشتوگوزار و پیشەسازی و كشتوكاڵ.