قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و پێی راگەیاندن لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەری کێشەی رۆتین و ئەو گرفتانە دەکەن کە رووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی وەبەرهێنەران کە لەکاتی وەرگرتنی پڕۆژەیەکدا رووبەروویان دەبێتەوە و بەڵێنی پێدان کە پلانیان هەیە لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنەران و کەمکردنەوەی رۆتین.
قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ وەبەرهێنەران دووپات کردەوە و جەختی کردەوە بەهێزکردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت ستراتیژی حکومەتی هەرێمە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوری و لەمڕووەوە بە هەموو تواناوە کاردەکەن زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنان بڕەخسێنن تا وەبەرهێنەران بە خەیاڵی ئاسودەوە پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.