قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(USAID) ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئاسانکاریی تەواو دەکات بۆ ئەو گەنجانەی کە بیرۆکە و پڕۆژەیان هەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو و ئێرڤ هیکس کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لە ڕووی ناردنی ڕاوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ڕیفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد لە هاوکارییەکانیان بەردەوامبن و بە تایبەتیش هاوکاریی گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چێوەیەدا ڕاشیگەیاند، “حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ڕۆتین و چاکسازییەکان و هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردووە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بە هەموو تواناشمانەوە پشتگیرییان دەکەین و هەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە”.
لە لایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیریی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیانکردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا.