قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌رێم و ئیتاڵیا ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار

پێوه‌ندیی بازرگانیی نێوان هه‌رێم و ئیتاڵیا له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌ردوولا، ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 100ملیۆن دۆلار.

فه‌تحی محه‌مه‌د راوێژكاری وه‌زاره‌تی بازرگانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی، پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا پێوه‌ندییه‌كی مێژووییه‌ و ئه‌و پێوه‌ندییه‌ش به‌رده‌وام هه‌ر هه‌بووه‌ و بگره‌ په‌ره‌شی پێ دراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواری بازرگانی، بۆیه‌ ئێسته‌ قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌رێم و ئیتاڵیا ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 100ملیۆن دۆلار.

راوێژكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی، كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا به‌نیازن سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی ئابووری و رۆشنبیری له‌ پارێزگای هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌، بۆ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئیتاڵیا، بڕیاریشه‌ حكوومه‌تی ئیتاڵیا خۆی ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بكات.