قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەمانگی نیساندا لەپارێزگای سلێمانی ڕێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرێت و هەروەها کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو دەکرێت، ئەوەش بەمەبەستی رێگریكردن لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، “بەمەبەستی رێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیوانی قائیمقامیەت، بە ئامادەبونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتییەکانی (چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابوری، تەندروستی و ڤیتێرنەری، کشتوکاڵی سلێمانی)، بە سەرپەرشتی ئاوات محمەد، قائیمقامی سلێمانی، لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.”
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا، ئەم سێ بریارە دران:
1. لە مانگی نیسانداو بە رەچاوکردنی لایەنی تەندروستی، کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوبکرێت بەتایبەتی بەرخ.
2. لەپێناو پڕکردنەوی خواستی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخ، رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
3. دروستبونی چەند لیژنەیەکی فەرعی لە قەزاو ناحیەکان کە بەدواداچون بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن و لەژێر چاودێری بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵ لە پرۆژەو کێڵگە پەلوەرییەکاندا جوچکە تێبکرێت و رێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.