فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە بەرواری 27ی مانگەوە كاتژمێر 6 و 30 خولەك بۆ 10 و 30 خولەكی بەیانی هێڵەكانی ئینتەرنێت بەهۆی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12 رادەگیرێن.
فەرمانگەكە رایگەیاندووە، لەژێر چاودێریی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە، بە مەبەستی رێگریكردن لە دیاردەی گزی “غش ” كردن لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەزمونەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگی كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت لە 27ی ئەم مانگەوە لە كاتژمێر و 6:30 خولەك تاوەكو 10:30 خولەكی بەیانی سەرجەم هێڵەكانی ئینتەرنێت لە كوردستان ڕادەگرێت.
رونیشكراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی لە كاتی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی پاڵپشتی سەرەكی بۆ ئەنجامدانی غەشكردن هێڵەكانی ئینتەرنێتە، بۆیە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رێگریكردن لەدیاردەكە، ئەم هەنگاوە ساڵانە بە هەماهەنگی لایەنەكانی پەیوەندیدار لە حكومەت و كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت ئەنجام دەدرێت .