ناوی عەلی كەمال زیاتر وەك كەسایەتییەكی خێرخواز لەخەیاڵدانی خەڵكی شاری سلێمانیدا بەرجەستە بووە، بەڵام جگە لەكاری خێرخوازی لەزۆر بوارو كایەی تردا خزمەتی وڵاتەكەی كردووە.
عەلی كەمال بەگ كەسایەتییەكی گەورەی سەربازیو پەرلەمانیو ڕوناكبیری كوردستان و عێراق بووە. عەلی کەمال بایەخێکی زۆری بەكاری خێرخوازی داوەو لەو بوارەدا چەند مزگەوتو نەخۆشخانەیەکی لەسەر ئەركی خۆی لەشاری سلێمانی دروستكردووە و یارمەتی خوێندكارانو هەژارانی داوە.
ناوبراو وەسێتی کردبوو لە دوای مردنی یەک لەسەر سێی موڵکەکانی بۆ ھاوکاری خوێندکاران خەرج بکرێ و وەسێتەکەشی جێبەجێ کرا.
ناوی تەواوی عەلی كوڕی عەبدولڕەحمان كوڕی حاجی قادر كوڕی وەهاب كوڕی قاسم ئاغایە بەعەلی كەمال ناسراوەو کەمال نازناوی بووە. لە بەرواری ٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٠٠ لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
خوێندنی سەربازیی لە سلێمانیو بەغداو ئەستەنبوڵ تەواو كردووەو وەك ئەفسەر لەسوپای عوسمانی خزمەتی كردووە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٢٠دا كە فیرقەكەیان لەشاری ئورفەی باکوری کوردستان بووە، بەتۆمەتی پشتیوانی لەجوڵانەوەی كورد بۆ ماوەی سێ مانگ دەستگیر كراوە. لە ١٢ی شوباتی ١٩٢٢ لەتوركیا هەڵهاتووەو لەرێی شنگالەوە گەڕاوەتەوە عێراق.
عەلی كەمال وەك بەرێوەبەری پۆلیس و قائیمقام لە شارەكانی كوردستانو عێراق خزمەتی كردووە و وەك ئەندامی پەرلەمانو نوێنەری شاری سلێمانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٥ تا ١٩٥٨ پێنج خول بەئەندامی پەرلەمانو وەك نوێنەری سلێمانی هەڵبژێردراوە و خزمەتی كردووە.
لەپەرلەمان ئەندامێكی چالاك بووەو بەرگری لەمافەكانی گەلی كوردستان كردووەو بەهەوڵی ئەو بودجەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكانی كوردستان زیاد كراوە و ڕۆڵی سەرەكی بینیوە كە یاسای زمانە ناوچەییەكان هەڵنەوەشێنرێتەوە هاوکات، بەهۆی هەڵویستە نیشتمانییەكانی لەساڵانی ١٩٦٢-١٩٦٥ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە دەستگیر كراوە.
عەلی كەمال سەرباری ئەو كارو خزمەتانەی خرانەڕوو، زۆر بایەخی بەبواری ڕۆشنبیری داوەو پشتیوانیو كۆمەكی كارو پرۆژە كەلتورییەكانی كردووە.لە ٢٦ی كانونی یەكەمی ١٩٤٢ تا ساڵی ١٩٤٩ هەموو خەرجییەكی دەركردنی گۆڤاری گەلاوێژی لەئەستۆ گرتووەو هۆكاری سەرەكی بەردەوامی ئەو گۆڤارە بووە لەڕووی داراییەوە.
لەهەمانکاتدا عەلی کەمال نوسەر بووەو لەسەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، وتاری بۆ پشتیوانی شۆڕشی كوردستان لەرۆژنامە عەرەبییەكانی وڵاتی لوبناندا بڵاو كردووەتەوە هەروەها دوو كتێبی چاپكراوی هەیە ئەوانیش یەكەمیان ڕەخنەو شیكردنەوەی كتێبی (جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد)ی ئەدمۆن غەریبە كە ساڵو شوێنی چاپی دیار نییە و دووەمیان یاداشتەكانێتی بەناوی ( یاداشتەكانی عەلی کەمال عەبدولڕەحمان) كەجەمال بابان ئامادەی كردووەو پێشەکی بۆ نوسیوە لەساڵی ٢٠٠١ لەبەغدا چاپكراوە.
عەلی كەمال ساڵەكانی كۆتایی ژیانی لە شاری لەندەن بەسەر بردووەو هەر لەوێ لە شەوی ٣١ی تەمووزی ١٩٩٨ كۆچی دوایی كردووەو لەسەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانیو لەمزگەوتەكەی خۆی بەخاك سپێردراوە.