ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كۆبووەتەوە و چەند داواكارییەكی لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەكردووە و بەڵێنیداوە جێبەجێیان بكات.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی بانكی ناوەندیم كرد و لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی گفتوگۆمانكرد لەسەر چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە ماف و داخوازییەكانی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان كرد لەوانە:-
یەكەم / كێشەی خاوەندارانی 25 دیناری چاپی سویسری كە نزیكەی 30 ساڵە دووچاری زیانێكی دارایی گەورەبوون و هێشتا قەرەبوو نەكراونەتەوە.
دووەم/ دابینكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانانی خاوەن بازرگانی بچووك و مامناوەند لە هەرێم هاوشێوەی شارەكانی ناوەند و باشوور.
سێیەم/كردنەوەی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی.
چوارەم/ دووبارەكردنەوەی لقەكانی بانكی رەشید و رافیدەین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، “بۆ ئەم بابەتانە و چەند پرسێكیتری پەیوەست بە دراو و دارایی پارێزگاری بانكی ناوەندیی وێڕای هەڵوێستی ئەرێنی بەڵێنیدا كاری جددی لەسەربكەن و لەئایندەیەكی نزیكدا كار بۆ جێبەجێكردنی بكەن”