ئا: رێژەن سەردار
سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی كوردستان تا ئێستا بۆ دابینكردنی كارەباو غازی ماڵانو هۆكاری خۆگەرمكردنەوە پێویستی بەغاز هەیە، ئەو دەڵێت “ئێستا نیوەی ویستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەکوردستان كار ناكەن لەبەرئەوەی غازیان نییە، ئیتر چۆن دەكرێ پێداویستی ناوخۆ بۆ غاز پڕنەكەیتەوەو دەستبكەی بەفرۆشتنی بەتوركیا؟!”.
عەلی حەمە ساڵح، بەرۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند بەهۆی ئەو هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەی لەجیهانو ناوچەکەدا دروست بووە گواستنەوەی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا هەر بەقسە ئاسانە، ئەگەر نا بەکردەکی ئەستەمو مەحاڵە، ئەو وتی “هەرچەندە قسەو باسی ئەوە گەرمە کە هەرێمی کوردستان توانای هەناردە کردنی غازی سروشتی بۆ تورکیاو ئەوروپا هەیە، بەڵام هەناردە کردنی غاز هاوكێشەیەكی ئاڵۆزی جیهانییەو كوردستان توانای ئەوەی نیییە ببێتە بەشێك لەو هاوكێشەیە، ئێران رازی نییە، روسیاش رازی نییەو رێگە نادەن ئەمریکاو رۆژئاوا بۆ لاوازکردنی کارتی غازی ڕوسیا بەرامبەر بەئەوروپا، پەنا ببەنە بەر غازی کوردستانو وەک سەرچاوەیەکی نوێی وزە بەکاریبهێنن، ئەو وتی “راستە تورکیا چاوی بڕیوەتە غازی سروشتیی هەرێمی کوردستانو دەیەوێت پێداویستی ناوخۆی بەغازی هەرێمی کوردسان پڕبکاتەوەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات ئەم غازەی بەنرخێکی هەرزان دەستبکەوێو پڕۆژەیەکیش لەبواری جێبەجیکردندایە بۆ ئەوەی غازی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا بگوازرێتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان تا ئێستا خۆی بۆ دابینكردنی كارەباو غازی ماڵانو هۆكاری خۆگەرمكردنەوە پێویستی بە غاز هەیە، ئێستا نیوەی ویستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كار ناكەن لەبەرئەوەی غازیان نییە، غازی هەرێمی كوردستان توانای نییە تا ئێستا پێویستی ناوخۆ دابین بكات، ئیتر چۆن دەکرێت کە پێداویستی ناوخۆت بۆ غاز پڕنەكەیتەوەو دەستبكەی بەفرۆشتنی بەتوركیا؟!”.
وتیشی “بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم پێویستمان بە 700 ملیۆن پێ سێجایە، بەڵام ئێستا بڕی بەرهەمهێنان 445 پێ سێجایە، بۆیە لەئێستادا رەوانە كردنی غاز زەحمەتە، بەڵام رەنگە پێنج ساڵی تر ئەگەر بەباشی كار بكرێت لەكێڵگەی قادركەرەم دەرفەتی ئەوە بڕەخسێ كە غاز هەناردە بكرێ، بەڵام ئایا لەقادركەرەمی زۆنی یەكێتیو لەئامادەگی بەهێزی ئێرانو لەو هاوكێشە نێودەوڵەتییە نزیك لەسنوری عێراق، كە عێراق زۆر پێویستی بەغازە، دەتوانی غاز هەناردە بكەیت؟! بەبڕوای من مەحاڵە”.
عەلی حەمە ساڵح ئەوە روندەکاتەوە کە رێژەی غازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان بە 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەكرێت، ئەو وتی “3%ی غازی سروشتی جیهان كەوتوەتە هەرێمی كوردستان، کوردستان حەوتەم دەوڵەمەندترینە لەیەدەگی غازدا، پلان هەبوایە خۆشگوزەرانی دەهێناو دەتوانرا وەك هۆكارێكی بەهێز بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان سودی لێوەربگیرێت”.
وتیشی “گرنگترین پرسیار ئەوەیە ھەرێمی کوردستان پلانی چییە بۆ ئەم سامانە سروشتیە کە کوردستانی پێ ئاوەدانو بەهێز بکات لەڕووی ئابوریو سیاسیو ئاسایشی نەتەوەیشەوە؟!”.
سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان پێیوایە حکومەتی هەرێم هیچ پلانو بەرچاوڕونییەکی نییە بۆ وەبەرهێنانێکی تۆکمەو بێ کێشە لەغازی سروشتیدا، ئەو وتی “كێشەكە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی كوردستان تۆژینەوەی كەڵك ناكەنو زۆرجار بەهەڕەمەكیو پەلەپڕوزكێ كار دەكەن، بۆیە دەبێت رێگەنەدەین سامانی غازی هەرێم بەدەردی نەوتەکە ببرێ، لەبری ئەوەی بیر لەفرۆشتنتی بکرێتەوە بەتورکیا، وەرە لەچوارچێوەی پلانێکی ستراتیجیدا یەكەمجار وەبەرهێنان بكە، دەتوانین غاز نەفرۆشین بەتورکیاو لەناوچەیەكی وەك چەمچەماڵ ویستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا دابمەزرێنینو تەزووی كارەبا بفرۆشین بەعێراق كە سوودێكی زۆر زیاتری هەیەو عێراقیش پێویستییەکی زۆری پێیەتی”.
وتیشی “لەهیچ كوێی دنیا نییە تۆ خۆت نەوتی خاوت هەبیێو پاڵاوگەشت هەبیێو نەوتی خاو نەپاڵێویی بۆ ئەوەی بەنزینو نەوتی سپیو گازوایل، بڕۆی بیفرۆشی بەدەرەوەو دوای بڕۆیت بیكڕیتەوەو پارەی پاڵاوگە بدەیت، پارەی بازرگان بدەیت، پارەی گواستنەوە بدەیت، پارەی تێچونی چیو چی بدەیتو ببێتە هۆی گرانبونی سوتەمەنی، هیچ حیكمەتێكی تیا نییەو ئەمە بۆ غازیش راستە، لەئێستادا خواست لەكوردستان بۆ غازی سروشتی رۆژ بەڕۆژ زیاد دەكات، من سەرۆكی لیژنەی وزەو نەوتو سەرچاوە سروشتییەكانم، ئاگادارم چەندین كۆمپانیایەی گەورە ئامادەن ئەگەر رەزامەندییان بۆ بكرێت لەسبەینێوە دەتوانن غاز رابكێشن بۆ هەموو ماڵێك لەكوردستان، ئەو كاتە غاز ئەبێ بەجێگرەوەی نەوتی سپیو وزەی كارەباش، هاوکات دەکرێ پلانیشمان هەبێ بۆ ئەوەی پڕۆژەی پترۆكیمیاویی دابنێین کە زۆر گرنگە بۆ كوردستان”.