ڕۆژی هەینی، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، بوونی دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
ئەمەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە ئەمڕۆ لە پەراوێزی دەستبەکاربوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پەرەپێدانی وێستگەی پاڵەپەستۆی غازی حەمەر مشەڕەف لە کێڵگەی نەوتی زوبەیر لە پارێزگای بەسرە ڕاگەیەنرا.
عەبدولغەنی لەمیانی مەراسیمەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە وێستگەی کۆمپرێسەری حەمەر مشەڕەف لە کێڵگەی زوبەیر یەکێکە لە 24 وێستگەی کۆمپرێسەری غاز و چوار کۆمپرێسەر لەخۆدەگرێت بە توانای 35 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد، ئەمڕۆش دوو کۆمپرێسەری زیادە زیاد کراون بە توانای ٣٢ ملیۆن پێ سێجای ستاندارد لە ڕۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم پڕۆژەیەدا بڕێکی نوێ لە غازی خاو زیاد دەکرێت، کە بریتین لە 30 مەتر سێجا غازی وشک، 150 تۆن غازی شل، (600) بەرمیل غازی چڕ، هەروەها کۆمپانیای غازی بەسرە پێنج کۆمپرێسەری نوێ زیاد دەکات لە قۆناغی دووەم بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان بۆ 147 ملیۆن مەتر سێجا ستاندارد لە ڕۆژێکدا.
ئەم پێنج کۆمپرێسەرە نوێیە توانای وەبەرهێنانی غازی پەیوەندیدار و کەمکردنەوەی سووتانی لە کێڵگەی نەوتی زوبەیر زیاد دەکەن، هەروەها بڕێکی باش غازی وشک بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکەن، بە وتەی وەزیری کارەبا.
ئەم پڕۆژەیە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی غاز و گۆڕینی بۆ وزەی پاک کە هەموو پیشەسازییەکانی پەیوەست بە سووتەمەنی بە غاز دابین دەکات، لەنێویاندا وێستگەکانی کارەبا.
وەزیری نەوت ئاشکرای کرد، گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند هەیە بۆ وەبەرهێنان لە غاز لە کێڵگەکانی (مەجنوون، قورنەی ڕۆژئاوا/2، ئەللوهەیس، ئارتاوی)، هیوای خۆی دەربڕی کە بەم نزیکانە گرێبەستی وەبەرهێنان لەو بوارەدا واژۆ بکات.