ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووككراوەی ئابووری لە عێراق چەند بڕیارێك دەردەكات، لەوانە قەدەغەی هاوردەكردنی هەویركاری، واتە هەموو جۆرەكانی كێك و شەربەتیش، هەروەها رێنوێی دەدات بە كەمكرنەوەی تاریفەی گومرگی لەسەر هێنانی ئاژەڵی زیندوو، بەوەی رێژەی بكرێتە 4%.
بە پێی بەیاننامەیەك ئەمڕۆ دووشەم فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ژمارەی 23ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری كرد، ئەنجوومەنەكە چەند بڕیارێكی دەركرد، لەوانە لابردنی شەربەت و ساردەمەنی و جۆرەكانی كێك و هەویركاری لە لیستی ئەو مادانەی هاوردە دەكرێن، بەو پێیەی لە ماوەی ساڵێك چاو بە بڕیارەكە بخشێندرێتەوە.
هەروەها ئەنجوومەنەكە هانی هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵ دا بۆ نرخدانان و فرۆشتن و وەرگرتنی مادەی كەپەك، بۆ ئەوەی ئاژەڵدارەكان سوودی لێ ببینن، جیا لە كەمكردنەوەی تاریفەی گومرگی لەسەر ئاژەڵە زیندووەكان، واتە رەشەوڵاخ و مەڕوماڵات كە بۆ مەبەستی كوشتنەوە هاوردە دەكرێن، رێژەكەی ببێتە 4%، هەروەها رێگە بە هەناردەكاران بدرێت كە بتوانن بچنە ناو سەكۆی ئەلیكترۆنیی كڕینی دۆلار، بۆ دابینكردنی خەرجی هێنانی ئاژەڵ بە نرخی فەرمی.