ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراق و ئێران ڕایگەیاند، ئەمریكا ڕێگەی بە عێراقدا بڕی (500) ملیۆن دۆلار پارەی كارەباو غاز بۆ ئێران بنێرێت.
(حەمید حوسێنی) ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراق و ئێران بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، عێراق بڕی (500) ملیۆن دۆلار پارەی كارەباو غاز كە لە ئێرانەوە هاوەردەی كردووە، دەخاتە سەر هەژماری بەنكی كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی غازو كارەبا، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نیە، كە ئێران ڕاستەوخۆ بتوانێت ئەو بڕە پارەیە بەكاربهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پارەیەی ئێران لە بانكێكدایە دادەنرێت كە لەژێر سەرپەرشتی ئەمریكایە، ئێران دەتوانێت تەنها ئەو كەلوپەلانە هاوردە بكات، كە سزانەدراون ڕێگە پێدراون.
باسی لەوەشكرد، ئێران بەو ڕیگەیە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە بە بەهای ملیارێك دۆلار كەلوپەلی هاوردەی وڵاتەكەی كردوەو دەشڵێت: لە سەردانەكەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەمریكا، ڕێگە بە خەرجكردنی (500) ملیۆن دۆلار لە پارەی ئێران لە بانكەكانی عێراق دراوە.
رێككەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی (2015) لەنێوان تاران و پێنچ ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیادا واژۆكرا، ماوەی گەمارۆكە بە پێنچ ساڵ دیاریكرابوو، لە (18) ی تشرینی یەكەمی (2020) كۆتایی هات، بەڵام دواتر گەمارۆكان جارێكی دیكە دژی ئێران توند كرانەوە.
پێش تەواو بوونی وادەی ڕێككەوتنە ئەمریكا ساڵی (2018) لە رێككەوتنەكە كشایەوەو رێككەوتنەكەی بە خراپترین رێككەوتن لە مێژووی ئەمریكا وەسفكرا.
ماوەی رابردووش ئەمریكا فشاری خستە سەر عێراق بۆ ئەوەی مامەڵە داراییەكانی لەگەڵ ئێران سنوردار بكات.