وتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەواد رایگەیاند کە رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، کۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو لە بەغدا دەبەسترێت.
باسم عەواد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەبەر رۆشنایی دیدگای حکوومەتی عێراق لەبارەی گرنگی تەواوکاریی ئابووریی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و گونجاوبوونی لەگەڵ بەرنامەی حکوومەت کە داکۆکی لە چاکسازی ئابووریی و بەرەوپێشبردنی پرۆژە ستراتیجییەکان دەکات، رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە کۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو لە بەغدا دەبەسترێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئامانج لە بەستنی کۆنگرەکە، تاوتوێکردنی پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیجیی (کەناڵی وشک)ە کە ئاراستە و پرۆژەیەکی زیندوو و گرنگە بۆ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە وجیھان.
راشیگەیاندووە “ئەم کۆنگرەیە لەچوارچێوەی ئاراستەی حکوومەتە بۆ بەھێزکردنی ھاوکاری و ھاوبەندی ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، ھەروەھا وەک داکۆکیکارێکە لەسەر ئاشتیی، سەقامگیریی و خوشگوزەرانی گەلەکانمان و زیاتر بەرجەستەکردنی پێگەی بەغدای ماڵی ئاشتیی و رەشماڵێکە بۆ ئاسایش و ھاوبەشی، هەروەها سەرەتایەکە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام”.