دەستەی ئاماری توركیا رای گەیاندووە، لەوەتەی سەرەتای ئەمساڵەوە عێراقییەكان لە كڕینی خانوو لە توركیا، لە پاشەكشەدان بەوەی رووسیا پلەی یەكەمی وەرگرتووە لە دوای ئێران و عێراق.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ یەكشەم 26ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو ئامارەی دەستەی ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو 2022، عێراقییەكان ئەمساڵ لە كڕینی خانوو لە توركیا پاشەكشەیان كردووە، پاشەكشەكەیش بە رێژەی 65%ـە. ساڵی 2022 لە هەردوو مانكی كانوونی دووەم و شوبات، عێراقییەكان هەزار و 146 خانوویان لە توركیا كڕیبوو، كەچی ئەمساڵ لە هەماان ماوەدا، تەنیا 402 خانوویان كڕیوە.
بەپێی ئامارەكە، رووسییەكان ئێستە لە كڕینی خانوو لە توركیا، پلەی یەكەمیان وەرگرتووە كە لە دوای ئەوانیش ئێرانییەكان دێن، لە دوو مانگی سەرەتای 2023 رووسییەكان دوو هەزار و 740 خانوونیان كڕیوە، ساڵی رابردوویش لە هەمان ماوەدا 988 خانوویان كڕیبوو.
لە پلەی دووەمدا ئێران دێت كە ئێرانییەكان لە مانگەكانی كانوونی دووەم و شوباتی 2023، 971 خانوویان لە توركیا كڕیوە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو هەزار و 472 خانوویان كڕیبوو.
دواای ئەوانیش ئۆكرانییەكان دێن كە لە هەمان ماوەدا لە 2023 299 خانوویان كڕیوە، دوای ئەویش كازاخستان 288 خانوویان كڕیوە، دواتریش ئەڵمانییەكانن دێن كە ئەوانیش لەو دوو مانگەدا250 خانوویان لە توركیا كڕیوە.
لە ساڵی 2015وە عێراقییەكان خانووبەرە لە توركیا دەكڕن، زیاتر هۆیەكەیان ئەوەیە بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی توركیا، ئەوەی خانووبەرە لە توركیا بكرێت و بگاتە نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار، مافی دانیشتگەی پێ دەدرێت.