سەرۆکی دامەزراوەی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە 21-3-2021ەوە تاوەکو 20-11-2021 وڵاتەکەیان بەبەهای 63.1 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی دەرەوە کردوە، لەو رێژەیەش بەبەهای شەش ملیار دۆلار کاڵای ئێران هەناردەی عێراق کراوە.
مەهدی ئەمیر ئەشرەفی، سەرۆکی دامەزراوەی گومرگی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵ لە ئێران، باسی لەوەشکردوە، لە 21-3-2021ەوە تاوەکو 20-11-2021 وڵاتەکەیان زیاتر لە 110.3 ملیۆن تەن کاڵا و شتومەکی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردوە کە بەهای ئەو کاڵایانەی هەناردەکراون زیاترە لە 63.1 ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ژمارەیەش 21.6 ملیۆن تەن کاڵای خوردن و پێداویستی دیکە هەناردەی عێراق کراوە و بەهای ئەو کاڵایانەی بۆ ئەو وڵاتە هەناردەکراون زیاترە لە 6.1 ملیار دۆلار.
سەرۆکی دامەزراوەی گومرگی ئێران دەڵێت، ئەمساڵ هەناردەی کاڵای وڵاتەکەیان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی لە ساڵی 2020دا بەڕێژەی 43.5% بەرزبوەتەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا بەبەهای 31.1 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەی ئێران کراوە.