عێراق قه‌رزه‌كانی ئێران ده‌داته‌وه‌

حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌، سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ سه‌رووی ملیار و نیوێك دۆلاره‌.

عادل كه‌ریم وه‌زیری كاره‌بای عێراق، كاتی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ئێرانی راگه‌یاند و گوتی، تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ هیچ پاره‌یه‌كی ئێران له‌لایان نامێنێت.

وه‌زیری كاره‌بای عێراق گوتوویه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ توانای وه‌زاره‌ته‌كه‌یاندا بێت، هه‌وڵیان داوه‌ خۆیان بۆ گه‌رمای هاوینی ئه‌مساڵ ئاماده‌ بكه‌ن و زۆرترین كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، بۆ ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی ته‌كنیكی ده‌ستی پێ كردووه‌ كه‌ ته‌واوی عێراق له‌خۆ ده‌گرێت، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن دۆخی ئه‌م هاوینه‌ی عێراق له‌ هاوینی ساڵی رابردوو زۆرباشتر بێت.

به‌گوێره‌ی راهبۆرد، ئه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا له‌ میانه‌ی سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی بۆ تاران، له‌گه‌ڵیاندا رێك كه‌وتووه‌ تا پێش كۆتاهاتنی ئه‌م مانگه‌، سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی كاره‌با به‌ ئێران بداته‌وه‌.

عێراق ته‌واوی قه‌رزه‌كانی ساڵی 2020 2021ی داوه‌ته‌وه

پێشتر ئه‌حمه‌د مووسا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق رای گه‌یاندبوو، عێراق ته‌واوی قه‌رزه‌كانی ساڵی 2020 2021ی داوه‌ته‌وه‌ و بڕی ملیارێك و 642 ملیۆن دۆلاریان ماوه‌ كه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ ئێران كه‌ هی ئه‌مساڵه‌.

جێی باسه‌ عێراق جگه‌ له‌ كڕینی كاره‌با له‌ ئێران، گازی سروشتیش ده‌كڕێت كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ سووته‌مه‌نی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای پێ دابین ده‌كات.