وەزارەتی کارەبای عێراق کۆی ئەو پارەیەی ساڵانە بە هاوردەکردنی گازی سروشتی دەدات، ئاشکرا کرد کە دەکاتە شەش ملیار دۆلار و بەشی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرێت.
ئەحمەد مووسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی دا کۆمەڵێک هێڵیان هەیە بۆ دابینکردنی گازی سروشتی و بەشێکیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشێکی تریش لە هەرێی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەو روونی کردەوە عێراق ساڵانە بایی هەشت تریلیۆن دینار لە دابینکردنی گازی سروشتی خەرج دەکات و هاوردەکردنەکەش لە وەرزەکان بەگوێرەی ئاستی پێداوستییەکانی عێراقە بە گازی سروشتی.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق روونی کردەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاواز لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە جێبەجێکردندان و ئەگەر تەواو بکرێن ئەوا لە هاوردەی بێنیاز دەبن.
خەرجییەکانی دابینکردنی گازی سروشتی تەنیا کڕینیان نییە بەڵکوو ئەو هێڵانەی گازیش پێویستییان بە چاودێری و پاراستن و نۆژەنکردنەوە هەیە.
مەبەستی سەرەکیی عێراق لە هاوردەکردنی گازی سروشتی ئەوەیە سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و لە وەرزی هاویندا زۆرترین بڕی لێ هاوردە دەکات.