راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، زیانی سووتاندنی و تێچووی هاوردەكردنی غاز ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو زیانەی بە عێراق دەگات لە ئاكامی هاوردەكردنی غاز بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، یان سووتاندنی غازی كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوور بە نزیكەی 12 ملیار دۆلاری ساڵانە دەخەمڵێندرێت.
مەزهەر لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی عێراق بڕی تێچووەكەشی بە زۆر بۆ سەر سەرچاوە نەوتییەكان بە گشتی و داهاتی وڵات ناوبرد.
رۆژی چوارشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەكدا لەڕێی ڤیدیۆەوە رایگەیاند، حكومەتەكەی چەند هەنگاوێكی گرتووەتەبەر بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە و، سوودوەرگرتن لەو غازە لەكاتی بەرهەمهێنانی نەوت دەردەچێت.
لەو بارەیەوە راوێژكارەكەی ئاشكرایكرد، ئەوەی سەرۆك وەزیران ئاماژەی پێدا، سەرەتایە بۆ دوو پرس، یەكەمیان راوەستاندنی سووتاندنی غاز كە دەبێتەهۆی پاراستنی ژینگەی عێراق لە ژەهراویبوون و كێشەكانی دیكە، دواتریش بەكارهێنانی بۆ وێستگەكانی كارەبا.
پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا رێژەی سووتاندنی غاز بگاتە سفر و، رێژەی بەكارهێنانیشی بۆ وێستگەكان بگاتە 100% ئەوەشی بە هەنگاوێكی ئابوری و هونەری بۆ پەرەپێدانی ئابوریی و پاراستنی ژینگەی عێراق ناوبرد.