27ی ئەم مانگە بە بەشداریی نوێنەری هەریەك لە وڵاتانی سعودیە، توركیا، سوریا، ئوردن، كوەیت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانكی نێودەوڵەتی و یەكێتیی ئەوروپا، كۆنفرانسی “رێگای گەشەپێدان” لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو.
رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لە رووی ئابورییەوە، ھەموو ئامادەكارییەكانیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” تەواوكردووە.
هاوكات فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق رایگەیاند، لە میانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، هێڵێكی شەمەندەفەر و هێڵێكی وشكانیی نێودەوڵەتیی خێرا دروستدەكرێن، لەسەر هێڵەكانیش جووڵەیەكی ئابوریی دەبێت كە دەبێتە مایەی بوژانەوەی ئابوریی 10 پارێزگا كە دەكەونە سەر ھێڵەكان”.
وتیشی، پرۆژەكە لە عێراقەوە دەستپێدەكات و درێژدەبێتەوە بۆ توركیا و دواتر ئەوروپا، ئەوەش بە ئامانجی گۆڕینی وڵات بۆ سەنتەری ترانزێت لە رێگای كورتكردنەوەی كاتی گەشتكردن لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا وەك هەوڵێك بۆ ركابەریكردن لەگەڵ كەناڵی سوێس لە میسر لە قەڵەم دەدرێت.