ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، عێراق له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردودا له هه‌نارده‌ی نه‌وتی بۆ ئه‌مریكا، سعودیه‌ی تێپه‌ڕاندوه و بوه‌ته سێیه‌م وڵاتی گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ واشنتن.
ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، “تێكڕای هاورده‌ی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردودا له هه‌شت وڵاته‌وه رۆژانه پێنج ملیۆن و 722 هه‌زار به‌رمیل بوه، ئه‌مه‌ش 439 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا به‌راورد به هه‌فته‌ی پێش‌و زیادی كردوه، له‌كاتێكدا هه‌فته‌ی پێشتر پێنج ملیۆن و 283 به‌رمیل هاورده‌ی ئه‌مریكا كراوه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌مریكا له هه‌فته‌ی رابردودا گه‌یشته 456 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا، به‌مه‌ش سعودیه‌ی تێپه‌ڕاند كه هه‌نارده‌ی بۆ ئه‌مریكا رۆژانه گه‌یشتوه‌ته 242 هه‌زار به‌رمیل، به‌وهۆیه‌شه‌وه عێراق بوه سێیه‌م وڵاتی هه‌نارده‌كاری نه‌وت بۆ ئه‌مریكا له دوای كه‌نه‌دا و مه‌كسیك”.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، “زۆربه‌ی هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردودا له كه‌نه‌داوه هاتوه، به‌ڕێژه‌ی سێ ملیۆن و 481 هه‌زار به‌رمیل بوه له ڕۆژێكدا، دواتر مه‌كسیك دێت به ڕێژه‌ی 877 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا، دواتریش عێراقه، له دوای عێراقیش هاورده‌ی نه‌وت له كۆڵۆمبیا به ڕێژه‌ی 405 هه‌زار به‌رمیل، پاشان سعودیه به ڕێژه‌ی 242 هه‌زار به‌رمیل بوه له رۆژێكدا”.
به‌گوێره‌ی ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا، “بڕی هاورده‌كردنی نه‌وتی خاو له نه‌یجیریا به تێكڕا 136 هه‌زار به‌رمیل بوه له رۆژێكدا، له بڕازیلهوه به ڕێژه‌ی 70 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا، هه‌روه‌ها له ئیكوادۆره‌وه به ڕێژه‌ی 57 هه‌زار به‌رمیل بوه، هیچ بڕه نهوتێكیش له ترینیداد و تۆباگۆ یان ڕوسیا هاورده نه‌كراوه”.