عێراق ده‌رگای هاورده‌كردنی ژماره‌یه‌ك به‌روبومی كشتوكاڵی ده‌كاته‌وه‌


وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، ده‌رگای هاورده‌كردن به‌ڕوی ژماره‌یه‌ك به‌روبومی كشتوكاڵی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ش په‌تاته‌ و ته‌ماته‌ و خه‌یار، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی راگرتنی هاوسه‌نگی نرخه‌كه‌یانه‌ له‌بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كان.

محمد خوزاعی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕایگه‌یاند، به‌هۆی زیادبونی خواست و نه‌بونی به‌رهه‌می ناوخۆیی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕێگه‌ی به‌ كردنه‌وه‌ی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می په‌تاته‌ داوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رزه‌كه‌ی نزیكه‌ له‌ كۆتایی هاتنی، كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هاورده‌كردنیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆیی نابێت، به‌و پێیه‌ی بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كان چاودێری ده‌كرێن له‌ ئه‌گه‌ری به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كان.

وتیشی، “وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ چه‌ند ڕێكارێك ده‌گرێته‌به‌ر له‌ ئه‌گه‌ری زیادبونی به‌روبومی كشتوكاڵی، له‌وانه‌ش پێشكه‌شكردنی ڕاسپارده‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ كاروباری ئابوری به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی به‌په‌له‌ بۆ پاراستنی سه‌قامگیری بازاڕی به‌كاربه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی جوتیار له‌به‌رچاو ده‌گیرێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر نرخی به‌روبومی كشتوكاڵی بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی ئاسایی خۆی، ئه‌وا هاورده‌كردن راده‌گیرێت، كردنه‌وه‌ و داخستنی هاورده‌كردنیش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی ساڵنامه‌ی كشتوكاڵیدا دێت كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك رێكار و رێنمایی پێكدێت.

باسی له‌وه‌شكرد، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕێگه‌ی به‌ هاورده‌كردنی نۆ به‌روبومی كشتوكاڵی داوه‌ كه‌ له‌نێویاندا (په‌تاته‌، ته‌ماته‌، خه‌یار، باینجان، بامیه‌) هه‌یه‌.