وەزارەتی بازرگانی پێشبینی رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت بەرهەمهێنانی گەنم لەمساڵدا بگاتە چوار ملیۆن تەن و ئەو رێژەیەش زیاتر لە 85%ی پێداویستییەکانی ناوخۆ دابیندەکات.
حەیدەر نوری کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندوە، “بەرهەمی گەنم لە ساڵی ڕابردودا واتە ساڵی 2022 دو ملیۆن و 200 هەزار تەن بوە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تەن هەیە، بۆیە بەرهەمی گەنمی ساڵی ڕابردو 40%ی پێویستی ناوخۆی دابینکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی حکومەت زۆرە لەڕێگەی کڕینی گەنمی خۆماڵی بەبڕی 850 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک، لەکاتێکدا کڕینی گەنمی ئوسترالی ئێستا بڕی 650 هەزارە بۆ هەر تەنێک، بۆیە ئەم پاڵپشتییە حکومەتە هانی جوتیاران دەدا بۆ چاندن جگە لەو بارانبارینە بەخوڕانەی لە ساڵی ئێستای 2023 هەبوە، کە ئەویش یارمەتیدەر بوە بۆ زیادکردنی ناوچە چێنراوەکانی گەنم.
وتیشی، “چاوەڕوانیەکانی وەزارەتی کشتوکال لەبڕی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ دەگاتە چوار ملیۆن تەن، بۆیە عێراق پێویستی تەنها بە 600 هەزار تەنی دیکە دەبێت کە لەدەرەوە هاوردەی بکات، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ، چونکە بڕی بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر لە 85%ی پێداویستییەکان دابیندەکات”.
ڕونیشیکردەوە، خاکی عێراقییەکان نزیکەی شەش جۆر گەنم بەرهەمدەهێنن، هەمویان باشن، بەڵام کوالێتیەکەی نەختینەیی کەمە، بۆیە عێراق پەنا دەباتە بەر هاوردەکردنی گەنمی جۆری دوروم لە سێ سەرچاوەی نێودەوڵەتی، واتە ئوسترالیا، کەنەدا و ئەمریکا، بۆئەوەی لەگەڵ گەنمی ناوخۆیی تێکەڵ بکرێت و گەنمی لێ بەرهەم بهێندرێت کە پێکهاتەیەکی باشی هەبێت.