عیراق.. هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە زیاد دەكرێت

حكومەتی عیراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لە گفتوگۆدایە بەئامانجی زیادكردنی داهاتی غازی سروشتی و سەرجەم شایستەكانی غازی ئەو وڵاتەیان رادەستكردوە.

لە راگەیەنراوێكدا ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاندوە، قەبارەی هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە رۆژانە دەگاتە 20 ملیۆن مەتر سێجاو پێداویستییەكان پڕناكاتەوە بەتایبەت هەندێك یەكەی بەرهەمهێنانمان هەیە بەهۆی كەمی غازەوە لەكار كەوتون.

موسا راشیگەیاندوە، كۆبونەوەو دانوستان و سەردانەكان لەگەڵ تاران هەماهەنگیەكی بەرچاوی هێناوەتە ئاراوە بەئامانجی زیادكردنی هاوردەكردنی غازی ئێران، ئەمەش بۆ ئامادەكارییە لەو كەمبونەوەیەی كە لە وەرزی زستاندا رودەدات.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق راشیگەیاندوە، شاندێكی عیراق سەردانی ئێران دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاوردەكردن و ئێستا عیراق هیچ قەرزێكی تارانی لەسەر نەماوەو سەرجەمیان رادەستی ئەو وڵاتە كردۆتەوە.