بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاریەکان، شاندێکی پەرلەمانی وڵاتی کەنەدا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كرد.
سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆك و نه‌وزاد غه‌فوور، جێگری سه‌رۆك و به‌ختیار مه‌لا ئه‌مین و حه‌مید عه‌بدوڵڵا و عه‌تا حاجی ره‌جه‌ب، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیان کرد له شاندێکی پەرلەمانی وڵاتی کەنەدا بە سەرۆکایەتی تۆم کمیێک.
شاندی پەرلەمانی کەنەدا رایانگه‌یاند ”وڵاتەکەیان ئامادەیە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی وکشتوکاڵ و پەیوەندی پەرلەمانی و گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی”.
تۆم کمیێک، سه‌رۆكی شانده‌كه رایگه‌یاند، ”لەگەڵ ٧ پەرلەمانتاری کەنەدا لە ٢٠١٦ وە گروپی «هاوڕێیانی کورد»یان لە پەرلەمانی کەنەدا دروستکردوە و، لەو کاتەوە هەوڵی پشتیوانی کورد ئەدەن و زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکان لە پارتی جیاوازی پەرلەمانی کەنەدا بوون و پشتگیری خۆیان دوپات ده‌كه‌نه‌وه بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی کەنەدا و عێراق و بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
تۆم کمیێک باسی ئەوەی کرد کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان هۆکارێکی پاڵنەرە بۆ هاندانی کۆمپانیا کەنەدییەکان تا وەبەرهێنان و هەماهەنگی بازرگانی لەگەڵ هه‌رێمدا بکەن و بەگرنگییەوە ئاستی سلێمانی بۆ پێشخستنی پرۆژەی بچوک و مامناوەند هەڵسەنگاند.
لە کۆبونەوەکەدا، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووڕی بازڕگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “بەخێرھاتنی بەڕێزتان دەکەین و زۆر دڵخۆشین بەم سەردان کردنە، ھیوادارین بتوانین کاری بازرگانی و پیەشەسازی بەرەو پێش بەرن و کار بکەن بۆ ھاندانی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی كه‌نه‌دا بده‌ن تاکو سەردانی سلێمانی بکەن و لێرە پرۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن، لە پارێزگای سلێمانی زەمینەی وەبەرھێنان ھەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرھێنان”.
ئاماژەی بەوەشدا ”ئێمه وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تاكه ژووری بازرگانین پرۆژه‌ی تایبه‌ت به خۆمانمان هه‌بێت، لەئێستادا پرۆژه‌یه‌کمان لەسەر ڕوبەری یەک ملیۆن مەتر دوجا دروستكردوه كه ٦٥٠ کۆگای هەڵگرتنی خۆراک و پێداویستەیەکان بۆ پارێزگای سلێمانی له‌خۆده‌گرێت و ئه‌م پرۆژه‌یه سلێمانی كردۆته سه‌نته‌رێكی بازرگانی گرنگ كه لێره‌وه كاڵاكان ده‌نێڕێت بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی خاوەنی بینای پێشانگای نێودەوڵەتییە كه لە ساڵی ۲٠٠۷وه بەردەوام ساڵانە پێشانگای تێدا دەکرێتەوە لەبوارە جیاوازەکاندا”.
ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی لە ڕوی پیشەسازیەوە لەسەر ئاستی ھەرێمی وردستان و عێراق پێشەنگ بووە، داواکارین ھانی وەبەرھێنەر و خاوەن کۆمپانیاکان بدەن لە سلێمانی کارگە دروست بکەن، ئێمەش وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەین بۆ ھەموو ھاوکاریەک.