شاندێکی بازرگانی وڵاتی پۆڵەندا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

ڕێکەوتی ٢٠٢٥/١/١٥ نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محمد رسوڵ ،شێنێ ئیختیار، جێگرانی سەرۆک، عوبێد ئەحمەد، بورهان علی، جەوهەر ستار، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازیان کرد لە غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جان دۆرنات نوێنەری شاندی بازرگانی وڵاتی پۆڵەندا بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
دواتر و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تیشکی خستە سەر سەردانەکە و ڕایگەیاند : کە ئێمە هاوکار و پاڵپشتی شاندەکە دەبین بۆ ئەو وەبەرهێنانەی کە دەیانەوێت لە شاری سلێمانیدا ئەنجامی بدەن.
جەختی لەوەشکردەوە ، شاندی بازرگانی ووڵاتی پۆڵندا تەنها مەبەستیان ئاڵوگۆری بازرگانی نیە دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی کشتوکاڵی و وزەی نوێ ، وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی خۆمانمان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنیان و کارئاسانیکردن لەکەرتی وەبەرهێناندا.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی داوای لەبازرگانانی ووڵاتی پۆڵنداکرد، ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی بکەن نەک لەدەستی دووهەم وەری بگرنەوە، بۆئەوەی بتواندرێت ئەو خۆراک و کاڵایانە بەنرخی گونجا بگاتە دەست هاوڵاتیان.
کۆمپانیا پۆڵندیەکان لە بواری کشتوکاڵی،تراکتۆر سازی، خۆراک، گۆشت، وزەی نوێ کاردەکەن خۆشحاڵن بەوەی لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی کاربکەن و پەیوەندی بازرگانی بەهێزبکەن.