شاندێكی كۆنسوڵخانه‌ی هۆڵه‌ندا سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كان شاندێكی كۆنوسوڵخانه‌ی هۆڵه‌ندا له‌هه‌ولێر، سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كرد.

یاسین ڕه‌حیم، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و كه‌مال سه‌عید ته‌ها كۆیی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ژوورو وه‌سفی خه‌لیل ڕاوێژكاری كشتوكاڵی ژوور، رۆژی دووشەممە ٣/ ٦، لەناو بینای ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشوازییانکرد لەشاندێکی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لەهەولێر.

یۆرت پۆستهوموس، جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لەکاتی کۆ بونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ژوور ڕایگه‌یاند ”‎ئامانج لەسەردانەکەمان بۆ شاری سلێمانی بەهێزکردنی پەیوەندیمانە لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و دەمانەوێت لەنزیکەوە پێداویستیییە ئابوەییەکانی سلێمانی بزانین‌و هەوڵبدەین پەیوەندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان کۆمپانیا هۆڵەندیەکان و کۆمپانیاکانی شاری سلێمانی بەهێز بكه‌ین تاكو پێکەوە بتوانن كار و پرۆژه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، لەکاتێکدا ئێمە لەهەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان كار ده‌كه‌ین”.

ڕاشیگه‌یاند ”کشتوکاڵ سێکتەرێكی گرنگەو ئێمه‌ کاری لەسەر دەکەین و ده‌مانه‌وێ کەرتی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بەهێزبکەین، ئامانجمانه‌ ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان به‌هێزبكه‌ین و به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاد بكه‌ین، نەک تەنها پشت بەهاوردەکردنی بەرهەمی هۆڵه‌ندی‌و وڵاتانی دەرەوە ببەستن”.

‏‎یاسین ڕەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “خۆشحاڵبوین بەسەردانکردنی شاندی کۆنسوڵخانەی وڵاتی هۆڵەندا بۆ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، له‌شاری سلێمانی چه‌ندین بازرگان هه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌دان ملیۆن یۆرۆ كاڵاو شتومه‌ك له‌وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکار بوو بۆ خاوبونەوەی پەیوەندی بازرگانی شاری سلێمانی و وڵاتانی هۆڵەنداو ئەوروپا، سەرباری ئەوەش ئێستا گەشبینین ئەم سەردانە ببێتە هۆی چالاککردنەوەی پەیوەندیەکان، کۆنسوڵخانەی هۆڵەندی لەهەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان کاربکات جێگەی دڵخۆشیە، ئێمە پشتیوانیتان دەکەین، هیوادارین بەردەوامبن لەپشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ لەهەرێمی کوردستان”.

‏‎راشیگەیاند “ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تاکە ژوورە توانیویەتی بەشی کشتوکاڵی بکاتەوەو ڕاوێژکاری کشتوکاڵی هەبێت و گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵی بدات و چەندین ڕوپێوی بەرهەمە ناوخۆییەکانی وەک کێڵگەی پەلەوەریی و خانوی پلاستیکی و سامانی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر بودجه‌ ژوور ئه‌نجام بدات بۆیە وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی دەتوانین کاری زیاتر بکەین”.
‏‎دەربارەی کاری بازرگانی لەشاری سلێمانی جێگری سەرۆکی ژوور رایگەیاند ”شاری سلێمانی توانایەکی باشی بازرگانی هەیە، زۆرێک لەبراندە بازرگانیەکان لەجیهانەوە لەلایەن بازرگانانی سلێمانیەوە هاوردە دەکرێت‌و دابەش دەکرێتەوە بەسەر شارەکانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقدا، ژووری بازرگانی سلێمانی سەرپەرشتی گەورەترین پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌ی هاوچەرخ دەکات، كه‌ سلێمانی كردۆته‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی گرنگ له‌سه‌ر ئاستی عێراق، لەسەردەمی کۆرۆنادا زۆرترین خۆراک لەشاری سلێمانییەوە دابەش دەکرا بۆ هەموو شاره‌كانی عێراق کە لەو گەنجینانەدا هەڵگیرا بوون”.

‏‎یاسین ڕەحیم، داواشیکرد کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا کاربکەن بۆ دروستکردنی کۆبونەوەیەکی فراوانی کاری هاوبەشی بازرگانان‌و پیشه‌سازانی سلێمانی له‌گه‌ڵ وڵاتی هۆڵەندا تا بتواندرێت بازرگانان و پیشەسازان راستەوخۆ لەنزیکەوە ئاشنابن بەکاره‌كانی یه‌كتر.

‏‎ئەوەشی ڕونکردەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی پێشانگای نێودەوڵەتی خۆیەتی کە ساڵانە پێشانگای تێدا دەکرێتەوەو خوازیاری ئەوە بوو کۆنسوڵخانەی هۆڵەندی هانی کۆمپانیا هۆڵه‌ندیەکان بدات بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و نمایشی کاڵاکانیان بکەن تا بازرگانان ئاشنابن بەکارەکانی كۆمپانیا و كارگه‌كانی هۆڵه‌ندا”.

‏‎جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەربارەی شاری سلێمانی رایگەیاند “شاری سلێمانی وەک شارێکی پیشەسازی چەندین کارگەی گەورە و بەتوانای هەیە بۆیە لەسەر ئاستی هەرێم یەکەم پارێزگاین لەپێشکەوتنی پیشەسازی، هەرچەندە ڕەوشی ئابوری و دارایی حکومەتی هه‌رێم کاریگەری لەسەر کەرتی پیشەسازی هەبوەو بەشێک لەکارگە بچوک و مام ناوەندەکان بەرەو وەستان چووە، چونکە هیچ هاوكاریه‌كی بانکی نیە بەهۆی چالاک نەبونی بانکەکانمان و پێنەدانی قەرز”.
لەکۆتایی قسەکانیدا یاسین رەحیم، پشتیوانی ته‌واوی بۆ كاره‌كانی كۆنسوڵخانەی هۆڵه‌ندا ده‌ربڕی‌و هیوای خواست بتوانن كاری هاوبه‌شی زیاتر ئه‌نجام بده‌ن و جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌ هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رو بازرگانێكی هۆڵه‌ندی بێته‌ هه‌رێمی كودستان به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ هاوكاری ده‌كه‌ن.

‎شانده‌كه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی هۆڵه‌ندا پێكهاتبوو له‌یۆرت پۆستهوموس، جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لەهەولێرو هۆشەنگ کانەبی، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی و نالی یوسف ڕاوێژکاری ئابوری.