پاش سێ رۆژ لە سەردانیکردنی شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی بەشدارییکردن لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک شاندەکە گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی.
پێشانگای نێودەوڵەتی تاران
پێشانگای نێودەوڵەتی تاران بۆ بەرهەمە ناوخۆیەکان زیاتر لە 800 کۆمپانیای ئێرانی بەشداریان تێداکردبوو بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بۆ تەواوی وڵاتانی جیهان کە ساڵانە بازرگانان لە هەموو وڵاتانەوە بەشداری تێدا دەکەن.
کاری هاوبەش
محەمەد رەسوڵ، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند: لەسەردانەکەماندا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداریمان کرد لە شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تایبەت بە توانای بەرهەمەکانی هەناردەکردنی ئەو وڵاتە، لە پێشانگاکەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی خۆراک و ئامێرە پیشەسازیەکان و دەرمان و کارەبا و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و چەند بوارێکی دیکە گفتوگۆمان کرد لەبارەی نوێترین بەرهەمەکانیان و سوودوەرگرتن لێیان بۆ پارێزگای سلێمانی. وتیشی: داوامان کرد هەوڵ بدەن لەگەڵ بازرگانانی هەرێم رێکەوتن بکەن و بەهاوبەشی کارگەکانیان لە کوردستان دابمەزرێنن.
ژووری بازرگانی سەڵتەنەی عومان
محمەد رەسوڵ جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی لە ناو پێشانگای نێودەوڵەتی تاران چاویانکەوت بە (زاهیر بن محمد بن زاهیر کعبی) سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی عومان.
لە چاوپێکەوتنەکەدا جەختکرایەوە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سەڵتەنەی عومان و سلێمانی. هەروەها بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا سەردانەکانیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانیان دەستپێبکەن و کاری هاوبەشی بازرگانی ئەنجام بدەن و باس لە کارئاسانی یاساکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی بکرێت لەنێوان هەردوولادا کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.بەشدارییکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان دەرفەتێکی گرنگە بۆ دیدارو کۆبوونەوەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان دوو وڵات.
محەمەد رەسوڵ: پەیوەندییە بازرگانییەکان نێوان پارێزگای سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەمێژینەی و بەردەوامە، بەڵام پێویستە کاری زیاتربکەین بۆ سوودوەرگرتن لە کاری هاوبەش
کۆبوونەوەی ژوورە بازرگانیەکانی عیراق لەگەڵ ژووری بازرگانی ئێران
لە رێکەوتی 28.4.2024 لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق کۆبوونەوە. ئەمەش بە ئامادەبوونی سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران و عیراق، کۆبوونەوەی ژوورە بازرگانیەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و بازرگانانی بەشدار لە شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد رەسوڵ جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەوتەیەکدا رایگەیاند: پەیوەندیە بازرگانییەکان نێوان پارێزگای سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەمێژینەی و بەردەوامە، بەڵام پێویستە کاری زیاتربکەین بۆ سوودوەرگرتن لەکاری هاوبەش، دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران هانی کۆمپانیاکانی بدات بۆ دامەزراندنی کارگە لە سلێمانی چونکە یاساکانی وەبەرهێنان لەبارن بۆ دامەزراندنی کارگە. ژووری بازرگانی سلێمانی پشتیوانی تەوای هەر بازرگانێک دەکات بۆ دانانی کارگە و کارئاسانی بۆ دەکرێت.
کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئابووریی و پیشەسازی ئێران
شاندەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەتاران کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئابووریی و پیشەسازی ئێران ئەنجامدا و باس لەو کێشانەکرا بۆ بازرگانان دروستدەبێت لە کاتی ترانزێت و مەرزەکان و کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگاناندا،هەروەها جەخت لەوە کرایەوە هەردوولا کاربکەن بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردیان.
سەردانیکردنی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە تاران
ئەحمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان، لە رێکەوتی 29.4.2024 سەردانی بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە تاران. ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەماندا نازم دەباغ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە تاران پشتیوانی خۆی بۆ کارە بازرگانیەکان دەربڕیوە هیوای خواست بتوانن هەر کێشە و گرفتێک بۆ بازرگانان دروست دەبێت چارەسەری بۆ بکرێت.
ئەوەشی روونکردەوە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە تاران بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە گرنگی بە کاری بازرگانی بدرێت و کار ئاسانی بکرێت لە دەروازە سنووریەکانەوە.
ئا: زریان محەمەد