شاره‌زایه‌كی كاروباری دارایی: ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار هه‌یه‌

شاره‌زایه‌كی كاروباری دارایی و ئابوری ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ به‌شێكی بانكه‌ ئه‌هلیه‌كان كردوه‌، بانكه‌كانیش به‌ناچاری ژماره‌یه‌ك رێوشوێنیان گرتوه‌ته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار.

نه‌بیل ته‌میمی شاره‌زای كاروباری دارایی و ئابوری له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، “گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ده‌ستیكردوه‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی عێراق و ته‌نانه‌ت گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانیش كردوه‌، ته‌نانه‌ت جۆرێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای بۆ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كان ناردوه‌، ئه‌مانه‌ش وایانكردوه‌ بانكه‌كان میكانیزمی نوێ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆلار بگرنه‌به‌ر به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی خۆیان، یه‌كێك له‌ میكانیزم و رێوشوێنه‌كانیش كه‌مكردنه‌وه‌ی كڕینی دۆلاره‌، بۆیه‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر كه‌مێك جێگه‌ی گومان بێت له‌لایه‌ن ئه‌م بانكانه‌وه‌ له‌ ترسی سزاكانی ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر ناكرێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ی بانكه‌كان، به‌شدارییه‌كی به‌رچاویان له‌ كه‌مبونه‌وه‌ی فرۆشی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه‌وه‌ هه‌بو، به‌جۆرێك ئێستا 60% فرۆشی دۆلار كه‌مبوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا بانكی ناوه‌ندی دۆلار ده‌داته‌ ته‌نها چوار بانك كه‌ خاوه‌نی قورسایی زۆرن له‌ كڕینی دراو”.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، هه‌ر ئه‌و رێوشوێنانه‌ بونه‌ هۆی كه‌می دۆلار و زیادبونی خواست له‌سه‌ری، له‌ئه‌نجامیشدا به‌رزبونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی ڕویدا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بانكی ناوه‌ندی ڕێنمایی نوێی ده‌ركردوه‌ به‌ زیادكردنی فرۆشتن به‌و شوێنانه‌ی كاری ئاڵوگۆڕی دراو ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ دوباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی بازاڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌های دۆلار بۆ دۆخی ئاسایی خۆی له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا.