شارەزایەکی ئابوریی عێراقیی ئەو هۆکارانەی ئاشکراکردوە، وایانکردوە نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەشدا دانەبەزێت، هەرچەندە لەماوەی ڕابردودا حکومەتو بانکی ناوەندیی چەندین بڕیارو ڕێکاریان بۆ ئەو مەبەستە دەرکردوە.
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوریی عێراقیی بەپێگەی “بەغدا ئەلیەوم”ی وتوە، بانکی ناوەندیی مافی ئەوەی هەیە نرخێکی فەرمیی بۆ ئاڵوگۆڕی دۆلار دیاریی بکات، بەڵام لەواقیعدا نابێت زۆر ئومێد لەسەر ئەو نرخە هەڵبچنین، بەوپێیەی بانکی ناوەندیی لەماوەی حەوت مانگی ڕابردودا چەندین جار بەڵێنیداوە کەلێنی نێوان نرخی فەرمیی دۆلارو نرخەکەی لەبازاڕی ڕەشدا نەهێڵێت، بەڵام نەیتوانیوە.
هەروەک دەڵێت، “ناکرێت هۆکاری بەرزبونەوەی دۆلار بۆ کاری جامبازانی بازاڕی دراو بگێردرێتەوە، بەوپێیەی خواستێکی ڕاستەقینە لەسەر ئەو نرخە هەیە، لەبەرئەوەی هەموو گەشتیارێک ناتوانێت دۆلار بەنرخی فەرمیی بەدەستبهێنێت، بەتایبەت ئەوانەی گەشتی ئەو وڵاتانە دەکەن کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە قەدەغەیان لەسەرە”.
دەشڵێت، “ساڵی ڕابردوو گەشتیارانی عێراق زیاتر لە 3 ملیار دۆلاریان لەئێران خەرجکردوە، لەبەرئەوەی عێراقییەکان لەسەدا 55ی گەشتیارانی وڵاتی ئێران پێکدەهێنن، هەربۆیە ئەوکەسانە دۆلار لەبازاڕی ڕەشدا دەکڕن”.
مەرسومی باسی لەوەکردوە، داواکاریی بۆ دۆلار لەبازاڕی ڕەشدا بۆ مەبەستی پارەدارکردنی بازرگانییە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەوپێیەی عێراق ساڵانە بەبەهای 10 ملیار دۆلار شمەکو کاڵا لەو وڵاتەوە هاوردە دەکات.