ئا: زریان محەمەد
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ رۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” دەڵێت “۳٦ وڵاتی جیهان خاوەنی نوێنەرایەتی خۆیانن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان لەهەرێمی کوردستان”.
بازرگانیو پیشەسازی: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەی دامەزراوە؟
سەفین دزەیی: لەدوای ساڵی 2003، دەرفەتێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان هاتە پێشەوە لەڕووی یاسایی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئەویش ئەوە بوو كە دەستووری نویێی عێراق بەفەرمی دانی بەهەموو دامەزراوە جێگیرەكانی هەرێمی كوردستان نا وەكو هەرێمێكی فیدڕاڵ لەعێراقدا هەروەكو لەماددەكانی (117)و (141)دا ئاماژەی پێكراوە.
بازرگانیو پیشەسازی: تا ئێستا نوسینگەتان لەچەند وڵاتی جیهان هەیە؟
سەفین دزەیی: دوای ئەوە حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چركردەوە بۆ بڕەودان بەپەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی بیانی لەچوارچێوەی دەستوری عێراق چونكە سیاسەتی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكە لەسیاسەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ لەبەرئەوەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لەدەسەڵاتە سەروەریەكانە. حكومەتی هەرێم لەچوارچێوەی مافە دەستورییەكانو وەك لایەنێكی جێبەجێكاری سیاسەتی داڕیژراوی حكومەتی فیدڕاڵ بڕیاری دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی دا لەساڵی ٢٠٠٦ بۆ یەکخستنو بەدامەزوراوەیی کردنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی .
بازرگانیو پیشەسازی: چەند وڵات لەشاری هەولێر نوێنەرایەتی هەیەو هەرێمی کوردستان لەچەند وڵات نوێنەرایەتی هەیە؟
سەفین دزەیی: لەئێستادا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی (9) بەڕێوەبەرایەتی و (١٤) نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت لەدەرەوە لەکارو هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بەئامانجە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لەوڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا، نەمسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئێران، سوید، یەکێتی ئەوروپا، پۆڵۆنیا، سویسرا) هەیە. هاوکات ٣٦ وڵات نوێنەرایەتیان لەهەرێمی کوردستان هەیە بەئاستی جیاجیا وەک کونسوڵگەری گشتی کونسوڵگەریو نوسینگەی باڵیۆزخانەو نوسینگەی بازرگانیو کونسوڵی فەخری. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رۆڵێکی گرنگو کاریگەر دەبینێت لەفراوانکردنو بەردەوامیدان بەپەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیو بووەتە پردی پێکەوە بەستنەوەی هەرێمی کوردستانو دونیای دەرەوە، لەم ڕووەشەوە بووەتە ئۆرگانی ناوەندێکی چالاکی جێبەجێ کردنی سیاسەتو ڕاپەڕاندنی پەیوەندیە دپلۆماسیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانو رێکخراوە هەرێمیو نێودەوڵەتیەکانیو وڵاتانی جیهان. سەرەڕای بوونی ئاستەنگو بەربەست لەبەردەمی زۆر بۆ سنوردارکردنی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لەدەرەوە، بەڵام شێوەیەکی پیشەییانەو بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە لەکارەکانی بەردەوامە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستانو زیاتر ناساندنی کوردستانو فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هاوکات کاری جدی دەکات بۆ پیشاندانو نیشاندانی بەها بنەڕەتیەکانی هەرێمی کوردستان وەکو پێکەوە ژیانو دیموکراسیو فرەییو ئاشتی ناوچەیەکی پیشکەوتوو لەڕووی ئابوری، هاوکات ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ئابوریو بازرگانیو هەروەها وەک ناوچەیەکی نمونەیی ئارامیو سەقامگیری لەڕووی ئاسایش بەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لەعێراقدا رۆڵێکی سەرەکیو بەرچاوی هەبووە لەبڕەودان بەپەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە لەڕووی سیاسیو ئابوریو کۆمەڵایەتیو رۆشنبیریو وەبەرهێنان، بازرگانی.
بازرگانیو پیشەسازی: پەیوەندیتان لەگەڵ كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان لەچ ئاستێكدایە (كە ژوورە بازرگانیەكان نوێنەرایەتی ئەم كەرتە دەكەن)؟
سەفین دزەیی: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ وێرای بڕەودان بەپەیوەندییە دووقۆڵیەکان لەگەڵ وڵاتان هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمپانیاو وەبەرهێنەران فرانتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانیو پیشەسازیو کارەباو کشتوکاڵو دەستەی وەبەرهێنان چەندین کۆنفڕانسو کۆڕبەندی ئابوری لەناوەوەو دەرەوە ئەنجامداوە. هەمیشە هانی بازرگانو پیاوانی کاری هەردوولا دەدەین بۆ ئەوەی لەگەشەپێدانو پتەوکردنی ژێرخانی ئابوریو بوژانەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری بکەن.
بازرگانیو پیشەسازی: پێش ساڵی 2014 (شەڕی داعش) رۆژانەو بەردەوام شاندی بازرگانی سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكردو كۆنفرانسو كۆبوونەوە لەشارەكانی هەرێم بەڕێوە دەچوو، لەئێستادا ئەم چالاكیانە زۆر كەم بونەتەوە، و هۆكارەكانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
سەفین دزەیی: راستە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشو دواتریش روداوەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمو ئینجا پەتای کۆڕۆناو دابەزینی نرخی نەوت سستیەک لەپێشووەچوونەکان دروستبوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین جوڵە سیاسیو دیپلۆماسیو بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بزاوتێکی بەرچاوی هەیەو دەیان شاندی سیاسیو ئابوریو بازرگانی سەردانی هەرێمیان کردووەو بەشدار بوون لەکردنەوەی پیشانگا نێودەوڵەتییەکان.