رۆژی پێنچ شەممە ،رێكەوتی 16/5/2024 لە شاری بەغداد لە بارەگای یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانی عیراق، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عیراق بەسترا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند داواکاریەک ئاراستەی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق دەکات.
کۆبونەوەکە بە سەرۆکایەتی عەبدولرەزاق ئەلزوهیری، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق و بە ئامادەبوونی نەوزاد غەفور،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، شوکری جەمیل سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك، تاهیر عزەدین سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە و سەرجەم سەرۆك ژوورە بازرگانیەکانی عێراق، لە شاری بەغدا، کۆبوونەوەی خولی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانیەکانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکە نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سەبارەت بەهەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی بۆ زیاتر بەرەو پێشچونی کاری بازرگانی و پیشەسازی و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی چەند داواکاریەکی خستە بەردەست ئەنجومەن و داوای چارەسەركردنیاینی کرد.
گرنگترین داواکاریەکان:
1_ داوا لە بانكی مەركەزی عیراق بكرێت بەنووسراوی فەرمی و ئاگاداری بانكە ئەهلیەكان بكات كە هەموو ( جۆرەکانی )دیناری عیراقی وەربگرن لە بازرگان و هاوڵاتیان، وەك دیارە بانكەكان لە هەرێمی كوردستان تەنها جۆری ( 25.000 ) و( 50.000 ) هەزار دیناری وەردەگرن وجۆری (5000 ) و ( 10.000 ) هەزار دیناری
وەرناگرن كە ئەمە پێچەوانەی یاسایە.
2_ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لە بازگەكانی حكومەتی ناوەندی
عیراق دانراوە لەبەرامبەر هاتوچوی بارهەڵگرەكانی كەكاڵاو كەلوپەل لە هەرێمەوە بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانیەوە دەگوازنەوە بۆ شارەكانی تری عیراق، لەسەر ئەم داواکاریە بەڵێنی ئەوە دراوە كە نووسراو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە و بەتایبەتی بەرهەمی ناوخۆ.
3_ ئاگاداركردنەوەی بازرگانانو ژوورە بازرگانیەكانی هەرێم پێش دەرچوونی هەر بڕیارێك لە وەزارەت و دەزگا تایبەتەكانی ئابوری عێراق بۆ داخستن و قەدەغەكردنی هەر كاڵاو كەلوپەلێك لە دەرەوە بۆ ناو عێراق .
4_ بەشداری كردنی نوێنەری بازرگانی و پیشەسازیەكانی هەرێم لەو وەفدانەی كە بۆ دانوستاندن و ڕاوێژ كردنی پروتۆكۆڵ وگرێبەستی رێكەوتنی ئابوری بازرگانی سەردانی وڵاتان دەكەن.
5_ ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی پارێزگاكانی هەرێم بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بەدەركردنی هەر بڕیارێك بۆ رێگرتن لە ئاڵوگۆری بازرگانی لە مەرزەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
6_ بابەتی پاراستنی ناوی بازرگانی تاكە نووسراو لە یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عیراقەوە ئاراستەی ژووری بازرگانی سلێمانی دەكرێت، لەبەرئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ناوی بازرگانی لە ژوورەكانی بازرگانی هەرێم وەرگیراوەتەوە لە دەسەڵاتی ژووری بازرگانی هەرێمدا نیە هەڵسێت بە پاراستن و فراوانكردنی
ئەو ناوە بازرگانیانەی كە لە عێراق تۆمار دەكرێن.
ئەم داواکاریانەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری بازرگانان و پیشەسازانە لە تەواوی هەرێمی کوردستان وە چارەسەرکردنی ئەو داواکاریانە گەشەی بازرگانی و کەرتی پیشەسازی و زیادبونی بەرهەمی ناوخۆی بەرەو گەشەکردن دەبات.