سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بەشداریکرد لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و کارسازی

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بەشداریکرد لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و کارسازی

رێکەوتی 6/4/2025 بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نوێنەرانی ووڵاتانی ئەو روپا و ژمارەیەک لە وەزیرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق و وەبەرهێنەران و نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد رەسوڵ، شێنێ ئیختیار، جێگرانی سەرۆکی ژوور، سابیر ئەمین، ئارام بابان، خالید حاجی علی، کازێو کاوە، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور بەشداریانکرد لە دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە شاری سلێمانی.

بۆ دوهەمین جار سلێمانى دەبێتە وێستگەى پێشوازیکردن و بەڕێوەچوونى دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی، لە ناو کارگەی کولتوورى .

کۆڕبەندەکە سەکۆیەکی پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کۆمپانیا دەستپێشخەرەکان، وەبەرهێنەران، و داڕێژەرانی سیاسەتە بۆ پێشخستنی داهێنان، کارگێڕی، توێژینەوە و پەروەردە.

کۆڕبەندەکە بەسەرپەرشتیى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تێیدا چەندین بیرۆکەی داهێنەرانەی نوێ لەلایەن گەنجان و کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاکانی تەکنەلۆژیا، ژینگە، پیشەسازی و ئابووری بخرێنەڕوو.

هەروەها چاوەڕواندەکرێت ببێتە سەکۆیەک بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین بابەتەکانی سەردەم و ئەو ئاڵنگارییانەی لە ئێستادا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بوونەتەوە.

لە وتاری کردنەوەی دووەمین کۆڕبەندى نێودەوڵەتیی کارسازی و داهێنان لە سلێمانی، قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت سلێمانى بکەن بە پایتەختى داهێنان و کارسازی لە ناوچەکەدا.

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کارسازی و داهێنان، کە ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، سەرکەوتوو بووە و کۆڕبەندى نێودەوڵەتیی کارسازی و داهێنان، گۆڕانکاریی دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، وێنایەکی گەورەیان هەیە بۆ سلێمانی، بەڵام بۆ ئەو ئامانجە پێویستیان بە بڕوابەخۆبوونی گەنجان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە و دەیانەوێت گەنجان بە بڕوا بەخۆبوونیان ببنە سەرەڕمی ئەو گۆڕانکارییە.