سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بازرگانی لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی سست و لاوازبوە، چونکە زۆربەی بازرگانان دەروازە سنوریەکانی هەرێمیان جێهێشتوەو رویان لەدەروازە سنورییەکانی عێراق کردوە. دەشڵێت: حکومەتی هەرێممان لە مەترسی ئەو دۆخە ئاگادار کردوەتەوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند”سستبونی پرۆسەی بازرگانی پەیوەندی بە کارئاسانیکردنی عێراقەوە هەیە لەدەروازە سنورییەکان بۆ بازرگانەکان، بازرگانی لەدەروازەکانی هەرێم تێچوی زیاترە، بۆیە بازرگانەکان ڕو لە دەروازەکانی عێراق دەکەن.”
سیروان محەمەد ڕونیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان زیاتر کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لەدەروازەی پەروێزخان هەبوە، بەڵام کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دەروازەی باشماخیش بەجێهێشتوە.
سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی ئاشکراشیکرد، حکومەتی هەرێمیان لە مەترسیەکانی ڕۆیشتنی بازرگانان بۆ دەروازەکانی عێراق ئاگادار کردوەتەوە، وتیشی”داوامانکردوە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بکرێت، تا رسوماتەکان هەموی وەک یەک بێت، لێرەش کارئاسانی بۆ بازرگانەکان بکرێت، حکومەت خۆیشی چەند کۆبونەوەیەکی ئەنجامداوە، چاوەڕێی وەڵامین.”
بەبڕوای سیروان محەمەد، حکومەتی عێراق زۆر باڵادەست نییە بەسەر دەروازەکاندا، بۆیە کارئاسانی زیاتر لەدەروازەکانی دەکرێت، وتی”زۆربەی بازرگانەکانی پەروێزخان ڕویان لەدەروازەکانی عێراق کردوە.”
لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی جەختیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان لەهەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی و هەلی کارهەبوە، چونکە لەدەروازەکاندا خەڵکێکی زۆر کرێکاری و بازرگانی و شۆفێری دەکەن، بۆیە هاوڵاتی و حکومەتیش زەرەرمەندبون.