سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد

رێکەوتی ٢ی شوباتی ٢٠٢٥، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پێشوازیکرد لە د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، ئەم سەردانە بە هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی ئەمریکی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەنجامدرا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماھەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوو لادا.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، پێویستە زانکۆکان زیاتر لە پێویستییەکانی بازاڕ ئاگادار بن و پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی ئەو پێویستیانە ڕێکبخەن. ئەمەش دەتوانێت یارمەتی خوێندکاران بدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر خۆیان بۆ مەیدانی کار ئامادەبکەن وە زانکۆکان پرۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەک ڕێکبخەن کە خوێندکاران بتوانن لەگەڵ ئەو پێویستییانە بگونجێن کە بازرگانان پێویستیانە.
هەردوو لا باسیان لەوکرد کاری هاوبەشی زیاتر لەسەر پرۆژە و توێژینەوەکان ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە بواری ئابووری، بەڕێوەبردنی بازرگانی و تەکنەلۆژیای زانیاری. ئەمەش دەتوانێت یارمەتی خوێندکاران بدات بۆ ئەوەی لە پراکتیکی کاردا ئەزموون وەربگرن.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، زانکۆکان دەتوانن لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکان، خوێندکاران بۆ مەیدانی کار ئامادە بکەن. ئەمەش دەتوانێت لە ڕێگەی کارگێڕی، وانە وتنەوەی میوان و کارگەی تایبەت بە پیشەسازییەکان ئەنجام بدرێت.
د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا ئەم سەردان و گفتوگۆیانە هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی زانکۆی ئەمریکی سلیمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی و پێکهێنانی پەیوەندییەکی کاریگەر، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانا و ئاستی خوێندکاران و یارمەتیدانی بازرگانان لە دابینکردنی کارمەندانی لێهاتوو و بەتوانا.