سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین: ژمارەیەکی زۆر کارگە لەسنورەکەمان دامەزراون

ئا: زریان محەمەد

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “لەسنورەکەیاندا کەرتی کشتوکاڵی گرنگی باشی پێدراوەو لەڕوی پیشەسازیەوە چەندین کارگەی گەورەیان هەیە کە توانای هەناردەکردنیان هەیە”.

‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: سنوری کارگێڕی ئیدارە ڕاپەڕین کوێ دەگرێتەوە؟

‎ هیواقەرەنی: سنوری کارگێڕی سنوری ئیدارەی راپەڕین هەر سێ قەزای رانیەو پشدەرو حاجیاوا دەگرێتەوە کە ئەوانیش بریتین لەهەشت ناحیە، بریتین لەچوارقوڕنەو سەرکەپکان‌و بێتواتەو سەنگەسەرو ژاراوەو هێرۆو هەڵشۆو ئیسێوە.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: جوڵەی بازرگانی لە مەرزی کێلێ لە چ ئاستێکدایە؟

‎ هیواقەرەنی: جوڵەی بازرگانی لەکێلێ بەشێوەیەکی گشتی لەئاستێکی مامناوەندایەو بەردەوام جوڵەی بازرگانی هەیە بەو پێیەی رێگەیەکی نزیکە بۆ بازرگانان بۆ هێنانی کەلوپەلەکانیان بۆ ناوخۆی کوردستان، لەدوای سەردانی شاندی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران هەردوولا رێککەوتن بازرگانی پەرەی زیاتری پێبدرێت‌و بکرێت بەدوو شەفت.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: هیچ کارێکتان کردووە بۆ بەنێودەوڵەتی بوونی ئەم دەروازەیە؟

‎ هیواقەرەنی: بەدڵنیایی هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی دەروازەی کێلێ، بۆ ئەو مەبەستە چەندین سەردانمان ئەنجام داوە بۆ لای سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق‌و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و سەردانی وڵاتی ئێرانیشمان کردووە بۆ هەمان مەبەست.

‎ ‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: هاوڵاتیان دەتوانن لەم دەروازەیەوە هاتوچۆ بکەن لەنێوان هەرێم‌و کۆماری ئیسلامی ئێراندا؟

‎ هیواقەرەنی: لەئێستادا هاوڵاتیان ناتوانن لەڕێگەی پاسپۆرتەوە هاتوچۆ بکەن، بەڵام لەهەوڵەکانمان بەردەوامین ئومێد دەکەین لەزوترین کاتدا بەڕووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.

‎ ‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: لەڕووی گەشتیارییەوە ئیدارە راپەڕین چۆنە؟

هیواقەرەنی: بەگشتی سنوری ئیدارەی راپەڕین خاوەنی چەندین شوێنی سروشتی گەشتیارییە کە بەردەوام لەهەموو ناوچەکانی کوردستان سەردانی دەکرێت‌و جوڵەیەکی گەشتیاری باش لەسنورەکەدا هەیە، بەڵام لەڕووی پڕۆژەی گەشتیارییەوە تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاری لێنیە، بەڵام ئێمە هانی وەبەرهێنەران دەدەین کە بێن لەسنورەکە وەبەرهێنانی گەشتیاری ئەنجام بدەن‌و ببنە مایەی خزمەتکردنی زیاتری کەرتی گەشتیاری.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: چی کراوە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاریدا لەناوچەکەتاندا؟

‎ هیواقەرەنی: لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی راپەڕین کراوەتەوەو کار لەسەر هەموو سێکتەرەکانی وەبەرهێنان دەکرێت، لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاری لەبەرنامەی کارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیە هەیەو ئێمەش لەئیدارەی راپەڕین هەموو پشتیوانیەکی خۆمان بۆ دووپات کردۆتەوە، ئومێدمان وایە کە وەبەرهێنەران بێنە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەکانیان‌و ئێمەش ئەوەی لەتوانانماندا بێت بەپێی یاسا کارئاسانی تەواویان بۆ دەکەین.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: لەڕووی پیشەسازییەوە ئیدارەی ڕاپەڕین چۆنەو بە چ کانزاو سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە؟

‎ هیواقەرەنی: لەڕووی کانزاییەوە سنورێکی دەوڵەمەندە بەچەندین مادەی کانزایی‌و سەرچاوەی سروشتی کە بۆ نمونە ئێستا بەهۆی بوونی زێی بچووک بەشێک لەو چەوو لمەی بەرهەم دەهێندرێت، لێرەوە بۆ شوێنەکانی تری کوردستان دەچێت، هەروەها پێشووتر گەورە کۆمپانیاکان هاتوون بۆ پشکنینی نەوت لەسنورەکە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا بەردەوام بن، بەشێوەیەکی گشتی سنورەکەمان سنورێکی زۆر دەوڵەمەندە بەمادەی کانزایی جۆراوجۆر.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: چەند کارگە لەسنووری ئیدارە ڕاپەڕیندا هەیە؟ گرنگترینیان کارگەی چییە؟

‎ هیواقەرەنی: ژمارەیەکی زۆر کارگە لەسنورەکەمان دامەزراون‌و کار دەکەن کە پێداویستی بۆ تەواوی کوردستان دابین دەکەن، لەوانەش کارگەی دروستکردنی دەرگاو کارگەی شامپۆو پاککەرەوەکان‌و کارگەی بلۆک‌و …هتد.

‎‏‎ بازرگانی‌و پیشەسازی: لەڕووی کشتوکاڵیەوە لە چ ئاستێکدایە؟ ئەگەر زانیاریتان هەبێت لەسەر ڕێژەی خانووی پلاستیکی‌و کێڵگەی پەلەوەری‌و هەنگەوانی‌و سامانی ماسی لەسنووری ئیدارەکەتاندا؟

‎ هیواقەرەنی: لەڕووی کشتوکاڵیەوە بەو پێیەی سنوری ئیدارەی راپەڕین خاوەنی هەردوو دەشتی بیتوێن‌و پشدەرە خاوەنی زەویەکی کشتوکاڵی زۆر باشەو ساڵانە بەسەدان تەن بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

‎بازرگانی‌و پیشەسازی: پەیوەندیتان لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیدا چۆنە؟

‎ هیواقەرەنی: بەو پێیەی سەرجەم بازرگانانی سنوری ئیدارەی راپەڕین ئەندامن لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، وەک دەستەی بەڕێوەبەری ژورەکە سەردانمان کردون‌و داوای پشتیوانی‌و هەماهەنگی زیاتر لەنێوانماندا هەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەبووە، ئێمە ئومێد دەکەین هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین‌و ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، هەروەها ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی تەنها خۆی بەموڵکی سنوری جوگرافی سلێمانی نەزانێ، خۆی بەموڵکی ئیدارەی راپەڕین‌و شوێنەکانی تریش بزانێ کە بەشێکن لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و پەیوەندی لەگەڵیان هەبێت، ئومێد دەکەین بەهەماهەنگی هەردوولامان پەیوەندیەکی باشتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەموو لایەک دروست بکرێت یاخود هاوشێوەی پارێزگای هەڵەبجە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی راپەڕینیش دروست بکرێت لەپێناو بەرەو پێشبردنی بواری بازرگانی لەسنورەکە. دەڤەری راپەڕین ناوچەیەکی گرنگە لەبواری کشتوکاڵی‌و گەشت‌و گوزار بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر زەوی بەپیت، کە خۆی لەهەردوو دەشتی بیتوێن‌و پشدەر دەبینێتەوەو هەڵکەوتەی سنورەکەشی زۆر گونجاوە بۆ گەشت‌و گوزار، بۆیە بۆ زیادکردنی داهات‌و هەلی کار لەسنورەکەمان دەتوانرێت لەهەردوو بواردا وەبەرهێنان بکرێت‌و ببێتە هۆکاری بەرەو پێشبردنی زیاتری سنورەکەمان.