نرخی دۆلار لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوامدایە، ئەوەی كۆنترۆڵی نرخی لە بازاڕەكان دەكات چەند هۆكارێكی جێگیر و زانراون و شارەزایان روونیان كردووەتەوە، لەوانە خواست لە بازاڕ و قەبارەی خستنەڕووی لە لایەن بانكی ناوەندییەوە، جیا لە كاریگەری كاتیی رووداو و هەواڵە خۆش و ناخۆشەكان، شارەزایەك ئاماژە بۆ كاریگەریی سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەریكا لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار دەكات.
ئێستا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكایە بۆ ئامادەبوون لە 78مین خولی كارەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ساڵح مەسرەفی، شارەزای دارایی دەڵێت، سەردانەكە گرنگە، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، ئەو چەندان دیداری گرنگ چاوەڕوانی دەكات.
روونی كردەوە، بە پێی خوێندنەوەكان لەو سەردانەدا واشنتن چوار پەیامی گرنگ ئاراستەی عێراق دەكات، ئەوانیش پێویستیی پابەندبوونی بانكی ناوەندی و بانكەكانی عێراق بە مەرج و بنەماكانی حەواڵەی دەرەكیی دۆلار و مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە.