بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، لە رێگەی ئامادەکردنی رێبەری گەشتیاری و بڵاوکردنەوەی فۆڕمی هەلی کار بە ئۆنلاین زیاتر لە سێ هەزار و 500 گەنج ئەم فۆرمەیان پڕکردووەتەوە، لە ئایندەکی نزیکدا پێش تەواوبوونی ساڵی 2023 سەرجەمیان لە رێگەی کۆمپانیا و گەشتیارییەکان و کەرتی تایبەتەوە دەخرێنە سەرکار.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، بەپێی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار- دەستەی گەشتوگوزار، لە چوارچێوەی پلانی دەستەی گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پلانە ستارتیژییەکەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری کەرتی گەشتیاری، کە ببێت بە یەکێک لە سێکتەرەکان شانبەشانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی بۆ ئەوەی بتوانن کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن، بە هاتنی ئەو ژمارە زۆرە گەشتیارەش بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو پلانە کە دانرابوو لە ساڵی 2022 گەیشتە زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2023 بگاتە سەرووی 8 ملیۆن گەشتیار.
هەروەها راشیگەیاند، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بووەتە داهاتێکی باش کە هاتووەتە هەرێمی کوردستان، ئەم داهاتەش راستەوخۆ بۆ خزمەتی هاووڵاتییان خەرجکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار لە ساڵی 2022ـەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لەبارەی رەخساندنی دەرفەتی هەلی کار، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، گوتی: دەستەی گەشتوگوزار هەستا بە ئامادەکردنی رێنماییەک بۆ دەرچوونی رێنمای رێبەری گەشتیاری بەمەستی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی کەرتی گەشتیاری زانکۆ پەیمانگەکانی کوردستان بە گشتی و ئارەزوومەندانی رێبەری گەشتیاری، لە ماوەی رابردوودا توانیمانە فۆڕمەکە بڵاوبکەینەوە بە شێوەیەکی ئۆنلاین، زیاتر لە 3 هەزار و 500 گەنج ئەم فۆڕمەیان پڕکردووەتەوە لە تەواوی کوردستان، لە ئایندەکی نزیک پێش کۆتایی هاتنی ساڵی 2023 دەیانخەینە سەر کار لە رێگەی کەرتی تایبەت و شوێنە گەشتیارییەکان و کۆمپانیاکانەوە دەتوانین بە رێژەی %100 هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە.
سیروان تۆفیق، ئاشکرایکرد، پلانێک ئامادەکراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە رۆژی 30ــی تەمموزی 2023، نەخشە رێگای پەرەپێدانی کەرتی گوشتوگوزار لە گەوەرەترین کۆنفرانس بە ئامادەبوونی تەواوی نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکان دەیخەنە گەڕ.
سەبارەت بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەدا، کار لەسەر 12 جۆری گەشتوگوزار دەکەن، یەکەمیان گەشتوگوزاری زستانەیە، کە خۆی لە خلیسکانی سەر بەفر و یاریە سەرکێشییەکانی زستانا، “هەروەها سێ زۆنمان ئامادەکردووە بۆ ساڵی ئایندە لە هەولێر،دهۆک و شارباژێر کە بتوانین چالاکی زستانەی لێ ئەنجام بدرێن”.
وتیشی: “کوردستان خاوەنی هەر چوار وەرزی گەشتیارییە، لە هەموو وەرزەکان گەشتیارێکی زۆر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن”.