به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێریی بازرگانیی سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێش ئه‌وه‌ى نرخى خۆراك و شمه‌ك گرانبێت ئه‌وان سه‌ردانى شوێنه‌كانیان كردووه و هۆشدارییان داوه به شوێنه‌كان كه نرخ به‌رزنه‌كه‌نه‌وه.
سۆران عه‌بدولغه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاودێریى بازرگانیى سلێمانى ڕاگه‌یاند، “هه‌ندێك خۆراك هه‌ن نرخەكانیان به‌رزبوونه‌ته‌وه كه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، به‌ڵام هه‌موو گه‌نجینه‌كان پڕن له خۆراك و شمه‌ك”.
باسی له‌وه‌ش كرد، “هه‌رچه‌نده ئه‌م بارودۆخه دڵه‌ڕاوكێی لاى خه‌ڵك دروستكردووه، به‌ڵام ئێمه دڵنیایی ده‌ده‌ینه هاوڵاتییان هیچ جۆره كێشه‌یه‌كمان نییه و گه‌نجینه‌كان پڕن له خۆراك”.
به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێریی بازرگانیی سلێمانى جه‌ختیشیكرده‌وه، هه‌ركه‌سێك نرخ به‌رزبكاته‌وه شوێنه‌كه‌ى داده‌خرێت.
ده‌رباره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخیش ئاشكرایكرد، “ئێمه پێشتر ئاماده‌كاریمان كردبوو پێش چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانى شوێنهكانمان كردبوو هۆشدارییمان پێدابوون له به‌رزركردنه‌وه‌ى نرخه‌كان، چونكه پێشبینیمان كردبوو كه وای لێبێت و ترس و دڵهڕواكێ لاى خه‌ڵك دروستبێت”.
سۆران عه‌بدولغه‌فور دووپاتیكردەوە، ئه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردوو له هه‌ولێر ڕوویدا له سلێمانى هیچ حاڵه‌تێكى له‌وجۆره نه‌بووه و دۆخه‌كه زۆر ئاسایی بوو.