ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی جارێکی دیکە رێژەی سودی بانکیی بەرز دەکاتەوە و بەوەش سودی بانکیی لەو وڵاتە گەیشتە بەرزترین ئاستی 16 ساڵی رابردو.
لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی یەدەگیی فیدراڵیی ئەمریکا، رێژەی سودی بانکیی 25 خاڵی بنەڕەتیی دیکەی بۆ زیاد کرا و بەوەش رێژەی سودی بانکیی لەو وڵاتە گەیشتە(%4.75).
بەمەش سودی بانکی لە ئەمریکا، گەیشتە بەرزترین ئاست بەراورد بە 16 ساڵی رابردو سودی بانکیی وڵاتەکە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، لەدوای بڕیارەکەوە رایگەیاند: هەرچەندە رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی لە ئەمریکا دەستی بە کەمبونەوە کردوە، بەڵام پێویستە رێکارەکان بۆ دابەزاندنی هەڵاوسان بەردەوام بن.
بەرزکردنەوەی رێژەی سودی بانکیی، یەکێکە لەو رێکارانەی وڵاتانی جیهان دەیگرنەبەر لەپێناو دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسانی ئابوری، چونکە ئەو رێکارە وا دەکات؛ سەرمایەدارەکان پارەکانیان لە بازاڕەکاندا بکشێننەوە و لە بانکەکاندا داینێن.
پێشبینی دەکرێت بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی ئەمریکا بەهای دراوی دۆلار لە جیهاندا دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و لە بەرامبەردا نرخی زێڕ و نەوت بەرز ببێتەوە.