سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆیەكی بەرهەمداریان كردووە، بۆیە لەگەڵ هەرێم كێشەكان چارەسەر دەكەین و یاسای نەوت و غاز دەردەكەین .
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكی كە لە سلێمانی پێشكەشی كرد ڕاگەیاند: كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بەشێك لە كارنامەكانی جێبەجێ كراوە و بەڵێنی چاكسازیش بە هاووڵاتییان دەدەین.
ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە دووپات لەوە دەكەینەوە بەهێزیی هەرێمی كوردستان سەلمێنەری بەهێزیی عێراقە، بۆیە رێ نادەین خاكی عێراق بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتان بەكار بێت و عێراق رێز لە سەروەریی خاكەكەیان دەگرێت.
ڕوونیشی كردەوە: كە لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆیەكی بەرهەمداریان كردووە، بۆیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان یاسای نەوت و غاز دەردەكەین و لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشەكان چارەسەر دەكەین.
باسی لەوەشكرد: بەبێ بیركردنەوە رازی بووین لەسەر ناساندنی هەڵەبجە وەك 19ـەمین پارێزگای عێراق، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بچووكترین پێزانینە بۆ قوربانییەكانی ئەو شارە.