سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوە‌وه‌

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”له‌سه‌ر داوای به‌رێز محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بانگهێشت كراین له‌شاری به‌رلین له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا سەبارەت بەه‌وشی بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌و كێشه‌و گرفته‌كان”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی‌و جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره‌ بارزگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ”له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوامان كرد دۆلار به‌ نرخی فه‌رمی ١٤٦ هه‌زارو ٥٠٠ بدرێت به‌بازرگانانی كوردستانیش كه‌ كاڵاكان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی بازرگانانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق، داواكاریه‌كی ترمان بریتی بوو له‌وه‌ی ئه‌و مه‌نەفێستانه‌ی كه‌ له‌ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ وه‌رده‌گیرێت بۆ كاری بازرگانی بكرێت به‌یاسایی تاكو بازرگانان بتوانن له‌ڕێگه‌ی لقەکانی بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، پاره‌كانیان بۆ بگۆڕێته‌وه‌ به‌نرخی فه‌رمی، هاوشێوه‌ی بازرگانانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق، چونكه‌ له‌سه‌دا ٧٠ی ئه‌و خوارده‌مه‌نی‌و ئامێری كاره‌بایانه‌ی كه‌ بازرگانانی كوردستان هاورده‌ی ده‌كه‌ن ده‌نێرێت بۆ شاره‌كانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق، به‌رزبوه‌نه‌وه‌ی نرخ بارگرانی بۆ هاوڵاتیانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق دروست ده‌كات، به‌ڕێزیان ئه‌و پێشنیازه‌ی ئێمه‌یان زۆر پێباش بوو به‌ڵیاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن”.

سەرۆکی ژوور ڕاشیگه‌یاند ”له‌ ئێستادا بڕیاره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كه‌ن تاكو بڕی ٥ هه‌زار دۆلاریان له‌فڕۆكه‌خانه‌كان به‌نرخی فه‌رمی بانكی ناوه‌ندی عێراق ١٠٠ دۆلار به‌ ١٤٦ هه‌زارو ٥٠٠ بۆ بگۆڕێته‌وه‌، داوامان كرد ئه‌م بڕیاره‌ هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه‌و لقه‌كانی بانكی ناوه‌ندی له‌فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمیش دابنرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌شاری سلێمانیش ژماره‌یەكی زۆر هاوڵاتیان رۆژانه‌ به‌مه‌به‌ستی بازرگانی‌و چارەسەری نه‌خۆشی‌و بۆ گه‌شتیاریی سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، داوامان كرد لقه‌كانی بانكی ناوه‌ندی به‌نرخی فه‌رمی پاره‌ بۆ هاوڵاتیانی كوردستانیش بگرێته‌وه‌ تاكو رێگری بكرێت له‌به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقمان راگه‌یاند ”له‌ئێستادا به‌فرێكی زۆر له‌ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان باریوه‌و كه‌شوهه‌وا زۆر سارده‌و نرخی نه‌وت زۆر به‌رزه‌، بۆیه‌ داواكارین نه‌وت هاوشێوه‌ی شاره‌كانی تری عێراق بدرێت به‌هه‌رێمی كوردستان، به‌رێزیان به‌ڵێنیاندا به‌زووترین كات میكانیزمێك داده‌نرێت بۆ ناردنی نه‌وت بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، تاكو هاولاتیانی كه‌م ده‌رامه‌ت سوودمه‌ند بن”.

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شی خستەڕوو “به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای لێكردم سه‌رجه‌م پێشنیازو داواكارییه‌كانم به‌نوسراوی فه‌رمی ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان بكه‌م تاكو كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بانكی ناوه‌ندی عێراق ساز بكرێت، داواشی له‌به‌ڕێز د.فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرد كه‌ له‌په‌یوه‌ندیدا بێت له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌كان به‌مه‌بستی گه‌یاندنی پێشنیازه‌كان‌و ئاگاداربوون له‌كێشه‌كان”.

ڕاشیگه‌یاند ”داوامان له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد قه‌رزه‌كانی بانكی ڕه‌شیدو ڕا‌فیده‌ین كه‌ بۆ كه‌رته‌كانی خانووبه‌ره‌و بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌و كشتوكاڵی ده‌درێت به‌هاوڵاتیانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه‌و هاوڵاتیانی هه‌رێم لێی بێبه‌ش نه‌بن، به‌رێزیان بێئاگایی خۆیان له‌و بابه‌ته‌ راگه‌یاندو به‌ڵێنیاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن‌و رایانگه‌یاند ئێمه‌ جیاوازی له‌نێوان هاوڵاتیانی عێراق ناكه‌ین‌و بودجه‌ بۆ هه‌موانه‌ بێ جیاوازی، له‌كۆبونه‌وه‌كەدا چاومان كه‌وت به‌ژماره‌یه‌كی زۆر وه‌زیره‌كانی دیكه‌و راوێژكارانی وه‌زاره‌ته‌كان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێشه‌وا جاف، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی هەڵه‌بجه‌ داوای له‌به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد كه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگایه‌ك بناسرێت‌و كێشه‌كانی بازرگانانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كان گه‌یاند به‌سه‌رۆك وه‌زیران”.

ناوی ئەو بانکانەی کە دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان دەگۆڕنەوە:-