ئه‌گه‌رچی سه‌رۆك كۆماری توركیا له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا دوو سه‌ردانی بۆ ئیمارات و سعوودیه كردووه، بڕیاریشه له ماوه‌ی داهاتوودا سه‌ردانی كوێت و قه‌ته‌ر و به‌حرێنیش بكات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و جووڵانه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بووه به‌های لیره‌ی توركی به‌رز بێته‌وه، بگره زیاتر دابه‌زی.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م یه‌كی ئایار، ئیسماعیل فازڵ له كۆمپانیای ته‌وه‌ر بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و حه‌واڵه، ڕاگه‌یاند، “له بۆرسه‌ی فه‌رمیی توركیادا، ئێسته 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر به هه‌زار و 485 لیره ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها 100 یۆرۆ به‌رانبه‌ر هه‌زار و 566 لیره‌ی توركییه”.
ڕوونی كرده‌وه، 100 لیره‌ی توركی به‌رانبه‌ر نۆ هه‌زار و 831 دیناری عێراقییه، ئه‌مه له كاتێكدا به‌های لیره له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به به‌های به‌رزتر تۆمار كرابوو، ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی بۆڕسه‌ی فه‌رمیش نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام زیاتر نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له توركیا تا دێت گرانیی زیاتر له نرخی كاره‌با و ئاو له‌و وڵاته هه‌ستی پێ ده‌كرێت به‌هۆی نه‌مانی به‌های دراوی وڵاته‌كه‌یانه‌وه، به‌هۆیه‌وه ناكۆكییه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی قووڵتر كردووه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ی داتا فه‌رمییه‌كانیش له‌و وڵاته‌دا، ئێسته زیاتر له دوو ملیۆن و 500 هه‌زار هاووڵاتیی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت له بابه‌تی كاره‌با و گازی سروشتی هاوكاری ده‌كرێن.
شایانی باسه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های لیره‌ی توركی، ئه‌ردۆغان چه‌ندان هه‌وڵی دا له‌وانه دوورخستنه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكی بانكی ناوه‌ندی، هه‌روه‌ها گۆڕینی وه‌زیری دارایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا چه‌ند بڕه پاره‌یه‌كیش له وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ بانكه‌كان زیاد كرد، به‌ڵام به‌هۆی سزا به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به ته‌واوی به‌های لیره‌ی توركی نرخه‌كه‌ی نه‌ماوه.
بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی توركیادا، ڕۆژی دووشه‌م 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 له سه‌عات شه‌شی ئێواره‌دا، دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی نوێی تۆمار كرد، كاتێك به‌های یه‌ك دۆلار به‌رانبه‌ر به 18.40 لیره بوو. هه‌روه‌ها له بازاڕی ئازادیشدا تا هه‌زار و 900 لیره بۆ 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی گه‌یشت.