سلێمانی پێویستی بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەیە

ئاراس عه‌بدولكه‌ریم مه‌عروف

ئەم رۆژانە سلێمانی بەهەلومەرجێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی شار هەر بەوجۆرەی چەند ساڵێکە هاتووە، لەسایەی پشێویی‌و پاشاگەردانیدا رۆژگاری بەسەرببات، لەبەرامبەردا هەوڵ‌و کۆششێکی راستگۆیانە لەئارادایە بەمەبەستی سەرلەنوێ رێکخستنەوەو تەرتیب کردنەوەی کۆی کایەکانی ژیان‌و هەموو ئەو دۆسیە ئالۆزانەی کە ساڵانێکە بەهۆی ئەنجامنەدانی چاكسازییەکی بنەڕەتییەوە لەسەر یەک کەڵەکە بوون.

دیدارەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ هاوڵاتیانی سەر بەتوێژو چینە جیاوازەکان‌و لەنێویشیاندا بازرگانان، هەروەها کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، ئ تروسکاییەن کە خەریکە لەکۆتایی تونێلەکەدا دەردەکەون‌و مایەی گەشبینی‌و دڵخۆشین بۆ ئەوەی هەموو بوارەکانی ژیانی ئابوری‌و کارگێڕیی‌و سیاسی لەم شارەدا بکەونەوە سەر رێچکەی راست‌و دروستی خۆیان‌و بەشێوەیەکی شیاوتر رێکبخرێنەوە، بەسەرنجدان لەوەی سلێمانی خاوەنی توانایەکی گەورەی مادی‌و مرۆییە لەهەموو بوارێکداو ئەوەی پێویستییەتی بۆ ئەوەی هەمیشە بەپێشەنگی بمێنێتەوە، سیستەمێکی ئیداری تۆکمەو هاوچەرخە.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەدوای ئەم دیدارو کۆبونەوانە، چاوەڕوانە چاکسازییەکی ریشەیی لەهەموو ئاستێکداو لەچوارچێوەیەكی سیاسی‌و قانونیدا ئەنجامبدرێت کە پشتیوانی سیاسی‌و كۆدەنگی كۆمەڵایەتی لەسەر بۆ دەستەبەر کرابێت، چاوەڕوانی ئەوەشین لەسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ترس لەدەرئەنجامی چاكسازی نەبێتە هۆكار بۆ رێگەگرتن لەچاكسازی بنەڕەتی، وەک بەڕێزیان بەڵێنی بەبازرگانان داوە.

سلێمانی ئیستا لەهەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستی بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەیە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، لەپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو رێگەوبانەوە بگرە کە لەئاستی خوازراوو پێویستدا نین، لەژینگەکەیەوە بگرە کە لەبەردەم پیسبووندایە، لەناوبازاڕەکەیەوە بگرە کە پڕاوپڕە لەژاوەوژاوو ناڕێکی‌و پاشاگەردانیی بەشەقام‌و شۆستەکانیەوە دیارە، تا دەگات بەبڕەودان بەسێکتەری پیشەسازی کە لەساڵانی رابردوودا لەئاستی عێراقدا یەکەم بووەو له‌ڕووی كشتوكاڵیشەوه پارێزگای سلێمانی خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی چێنراوو هەزاران خانووی پلاستیکییە، لەڕووی گەشتیاریشەوە جوانترین‌و دڵڕفێنترین شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان لەخۆدەگرێت.

لەڕووی مرۆیشەوە، گەنجانی سلێمانی بەشێکی گرنگ لەگەنجانی خوێندەوارو کارامەو دەستڕەنگین‌و داهێنەری کوردستان‌و هێزی کارەکەی پێکدەهێنن کە دەکرێ باشترین سەرمایەگوزارییان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە بەرەو ئایندەیەکی گەش‌و خۆشگوزەرانی‌ ئاڕاستە بکرێت.

هاوکات لەڕووی سیاسی‌و ئەمنیشەوە، ئەم دۆخەی ئێستای سلێمانی وا دەخوازێ کە زۆر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەم دۆخە پێویستی بەرەچاوكردنی تێپەڕاندنی قەیرانەکانە بەزووترین کات لەڕێگەی گرتنەبەری دیالۆگی عەقڵانییەوە، کە وڵات لەهەموو کێشەو قەیرانێک رزگار دەکات.

لەبیرمان نەچێت ئەگەر تۆ هاوڵاتیەك بیت لەوڵاتێکی دیموکراسی‌و پێشکەوتووداو بتەوێت خۆت بۆ سەرۆكایەتی وڵات هەڵبژێریت، گرنگترین مەرجی سەرکەوتنت ئەوەیە تۆ لەماڵەكەی خۆتدا كەسێكی سەركەوتوو بیت، بۆیە دەڵێین فەرموو بیسەلمێنن كە دەتوانن سلێمانی بەشێوەیەكی وەها نمونەیی بەڕێوە ببەن، شایانی ئەوە بێت بۆ هەموو کوردستان ببێت بەسەرمەشق‌و نمونە.

ئەم هەوڵانەی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم ئانوساتەدا کە کوردستان‌و عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەدان، دەرفەتێكی گونجاوە تا نمونەیەك لەحوکمڕانی جیاواز لەم ناوچەیەدا پێشكەش بكات، كە هەرێمی كوردستان بخاتە سەر ئەو ئاڕاستەیەی هەمومان دەیخوازین.