ئاراس عهبدولكهریم مهعروف
سلێمانی یەکێکە لەو شارە دڵڕفێنو سەرنجڕاکێشانەی کە هەموو ئەوانەی رۆژگارێک تیا ژیاون، یاخود هەر خۆیان خەڵکی ئەم شارە بوونو لەم شارەدا گەورە بوون، چەند دووریش کەونەوەو بەجێیبهێڵن، بەڵام هێشتا هەر سیحری جوانی ئەم شارە لەیادەوەریاندا دەدرەوشیتەوەو ون نابێت.
بەڵام ئەوەی ئێستا سەبارەت بەم شارە جوانە جێی سەرنجە، سلێمانی لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا بەڕادەیەک لەڕووی روبەرو چڕی دانیشتوانەوە گەورەو جەنجاڵ بووە، کە خەریکە ئێستا بەشێک لەجوانییەکانی لەژاوە ژاوو بێ سەلیقەییو دوکەڵدا دەخنکێت.
ئێمەو مانان کە تەمەنی منداڵیو هەرزەکاریمان لەم شارەدا بەسەربردووە، وێنەکە باشتر دەبینینو باش دەزانین سلێمانی ئێستاو جاران، دوو سلێمانی تەواو جیاوازن، هەر لەڕووخۆشیو سادەو ساکاریو روحی پڕ لەگاڵتەو گەپی خەڵکەکەیەوە بگرە، کە وەک بەشێکی بەرچاو لەدانیشتوانی ئێستای ئەم شارە مڕو مۆچو بێ سەلیقە نەبوون، تا دەگات بەبۆنو بەرامەی خۆشی کۆڵانو ناو بازاڕەکەی، کە وەک ئێستا پڕ لەخۆڵ خاشاکو ترشاو نەبوو!
رەنگە جوانترین دیمەنی شاریش لەیادەوەری کەسانی هاوتەمەنی وەک مندا، دیمەنی حەوشەو بەر هەیوانی ماڵەکانی سلیمانی جاران بێت، کە لەهەموو ماڵێکدا باخچەیەکی رازاوەی گەورە یان بچوکی پڕ لەچیمەنو درەختو گوڵو گوڵزار هەبوو، کاتێک دەمەو ئێوارانی هاوین ئاوڕشێن دەکرا، وەک کوردەواری دەڵێن “هەزار دڵ حەیرانی دەبوو”، هەر حەزت دەکرد تیا دانیشیت!
ئەوەی ئێستا ئەم شارەی بەجارێک دزێوو ناشیرین کردووە، ئەوەیە کە خەریکە لەڕووی دیزاینەوە دەبێتە جەنگەڵێکی پڕ لەبینای کۆنکرێتی ناڕێکو ناقۆڵا، کە هەموو جوانی ئەو کەژو کێوە رەنگینانەیان لێشاردوینەتەوە، ساڵانێکی زۆر شاعیرانی هەستناسکی ئەم شارە، هۆشو ئەندێشەی ئێمەیان لەسەر جوانپەرستیان پڕ کرد بوو.
سەیر ئەوەیە ئێستا بەشێک لەخەڵکی ئەم شارەش بەئەندازەیەک بێ سەلیقە دەردەکەون، کە روبەری خانوەکانیان هەرچەندە گەورەش بێت کەچی دێن هەر هەمووی دەکەن بەپارچەیەک لەکۆنکرێت، بێ ئەوەی بیر لەدروستکردنی باخچەیەکی بچوک یان چیمەنێک بکەنەوە، لەژورەوە بەدیار گوڵی دەستکردەوە دادەنیشین!
ئەمە چ مەرگەسات یاخود بەزمەساتێکە کە بێ هیچ پلانو بەرنامەیەک بەردەوام ژینگەو چیمەنو سروشتی جوانی دەوروبەری ئەم شارە تێکدەشکێنرێتو دەکرێن بەبینای بەرزو زەبەلاحی کۆنکرێتیو لەبری ئەو سەوزە گیا سروشتیانە، چیمەنی دەستکردیان تیا دروست دەکرێت؟! تەنانەت هەندێکجار هەست دەکەیت ئیتر شار بووە بەو شوێنەی مرۆڤ ناتوانێ هەناسەی تیا بداتو هەناسەدانی تیا تەنگە!
سلێمانی وەک هەموو شارێکی ئەم دنیایە دەکرێ گەورەو چڕی دانیشتوانەکەی بەهۆی ئەو روداوە هەژێنەرانەی چواردەورمانی پیا تیا تێدەپەڕێت، گەورەو قەرەباڵغ بێت، بەڵام پێویستە ئەم گەورەبوونو قەرەباڵغییە لەسەر حسابی کوشتنو خنکاندنی ژینگەو سروشتو جوانییەکانی نەبێت، سلێمانی هەموو رۆژێ گەورەتر دەبێ، بەڵام گەورە بوونو جەنجاڵییەکی بێ پلانو بێ بەرنامەی تێکەڵو پێکەڵو تێکچڕژاوو داماڵراو لەجوانیی!
خاڵی مەبەستی من ئەمەیە: ئەم شارە بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر جوانییەکانی لەدەست نەدات، پێویستی بەڕێکخستنو بەڕێوەبردنێکی باشترو شایستەترە، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر بەهەڕەمەکی روبەرو دانیشتوانەکەی زیاد نەکات، هەر لەدیزاینکردنی خانوو شوقەکانی نیشتەجی بوونیەوە بگرە تا دەگات بەڕێکخستنی گەڕەکو کۆڵانو ئامێرەکانی گواستنەوەو شۆستەو شەقامەکانی ناو بازاڕو لەهەموو ئەوانەش گرنگتر پێویستی بەفراوان کردنی پانتایی سەوزاییە.