ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن هەڕەشەی ژمارەیەک سزای توند لە ڕوسیا دەکات لەئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا، بە بۆچوونی شارەزایانی ئابوری، ئەو سزایانە تەنها ئابوریی ڕوسیا تێوەناگلێنێت، بەڵکو کاریگەری دەکاتە سەر ئابوریی وڵاتانی دیکەی جیهان.
ڕۆژنامەکە باس لەوەدەکات ئەو سزایانەی واشنتن ئامادەیکردوون، دەبنە هۆکاری دروستبوونی کێشەی قووڵ لە ئابوریی ڕوسیادا، وەک هەڵاوسانی زۆر و هەرەسهێنانی دراوی وڵاتەكە “ڕۆبڵ”.
لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی زلهێزی دیکە بەدەرنابن لە زیانە سیاسی و ئابورییەکانی ئەو سزایانە، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت سیستمی ئابوریی جیهانی.
چاودێرانی ئابوری هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە ڕوسیا وەک تۆڵە، دەست بۆ بڕینی ناردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا ببات، یان ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانی ئەمریکا و ئەوروپا.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئیدارەی جۆ بایدن تائێستا “هەناردەی نەوت و گازی ڕوسیای نەکردووەتە ئامانج لە سزاکانیدا”، کە کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئەمریکا.
ئیدوارد فیشمان، کە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە لە ئیدارەکەی باراک ئۆباما، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وتووە، “ئەگەر بایدن هەڕەشەکان بۆ سزادانی بانکەکانی ڕوسیا جێبەجێبکات، بەدڵنیایی کاریگەریی توندی نەرێنی لەسەر کۆی سیستمی ئابوریی ڕوسیا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەبێت”، بۆیە پێیوایە، ”دۆخێکی لەوشێوەیە پێکدادانی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا دروستدەکات”.
لەگەڵ ئەوەی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریكا دەڵێت، “نەوت هێزی ژیانی ئابوریی ئەوانە (ڕوسیا)، بۆیە کریملن دەتوانێت هێزی خۆی پیشانبدات”، بەڵام پێشبینیشدەکات لە ئەگەری سەپاندنی سزاکاندا، گەشەی ئابوریی ڕوسیا تائاستێکی زۆر کەمبکاتەوە، زیاتر لەوەی سزاکانی ساڵی 2014 دروستیکرد، کە بەڕێژەی 3% گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتە کشایەوە”.
هەروەها بانکی ئەوروپی، کە یەکێکە لەو بانکانەی قەرز دەداتە ڕوسیا، هۆشداریداوە لە مەترسییەکانی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوەدەکات، سزاکانی ڕوسیا بانکەکانی ئەو وڵاتە، کۆمپانیا حکومییەکان و داهاتە بنەڕەتییەکانی ڕوسیا دەکاتە ئامانج.
جەختدەکاتەوە لەوەی “سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا بۆسەر ڕوسیا پێشتر هاوشێوەی نەبووە”.
ڕۆژنامە ئەمریكییەکە بەدووری نازانێت سەپاندنی ئەو سزایانە بازاڕی جیهانیش ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بکاتەوە.