سبەی بازاڕی نەوت گڕ دەگرێت

لە بەرانبەر ئەو ناسەقامگیرییەی لە ماوەی رابردوو بازاڕی نەوتی گرتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە بڕیارێكی كتوپڕدا رایان گەیاند كە لە مانگی داهاتووەوە تا كۆتایی ئەمساڵ خۆویستانە بەرهەمهێنانی 1.649 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوت كەم دەكەنەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت سبەی بازاڕی نەوت گڕ بگرێت و نرخەكەی بەرز ببێتەوە.

ئەمڕۆ هەریەك لە سعوودیە و رووسیا و عێراق و كوێت و ئیمارات و عومان و جەزائیر و كازاخستان، رایان گەیاند بە مەبەستی سەقامگیركردنی نرخی نەوت و پاراستنی لە هەڵبەز و دابەزین، بڕیاریان داوە خۆویستانە بەرهەمی رۆژانەی تەوتەكەیان لە مانگی ئایاری داهاتووەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بە بڕی 1.649 ملیۆن بەرمیل كەم بكەنەوە، لەو ژمارەیە سعوودیە و رووسیا بۆ هەریەكەیان 500 هەزار بەرمیل و عێراقیش 211 هەزار و ئیمارات 144 هەزار بەرمیل و كوێت 128 هەزار بەرمیل و كازاخستان 78 هەزار بەرمیل و جەزائیر 48 هەزار بەرمیل و عومان 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەم دەكەنەوە.

دوای ئەو بڕیارە چاوەڕوان دەكرێت بازاڕی نەوت روو لە هەڵكشانێكی گەورە بكات و نرخی بەرمیلێك نەوت بە بڕی 10 دۆلار بەرز ببێتەوە، وەك شرۆڤەكاران بە ئاژانسی “رۆیتەرز”یان راگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت سبەی لەگەڵ كرانەوەی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی نەوت نرخی نەوت هەڵكشان بەخۆیەوە ببینێت.

لای خۆیەوە دان بیكرینگ، سەرۆكی كۆمپانیای وەبەرهێنانی “بیكرینگ ئینێرجی پارتنرز”، دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەو كەمكردنەوە پێشبینینەكراوە نرخی نەوت لە دنیا تا ئاستی 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز بكاتەوە، روونی كردەوە، كەمكردنەوەكە پاڵپشتییەكی گەورەی نرخی نەوت دەكات و ئەگەری هەیە نرخی بەرمیلێك نەوت تا 10 دۆلار هەڵبكشێت.

لا ی خۆیەوە جۆن كێربی، وتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە دوای بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان وتی، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە كاركردن لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێن و بەكارهێن بەردەوام دەبێت بۆ مسۆگەری ئەوەی بازاڕی نەوت پاڵپشتی لە گەشەی ئابووری و كەمكردنەوەی نرخەكان بۆ بەكارهێنەرانی ئەمەریكا بكات.

ئەمە و بڕیارە سبەی وڵاتانی ئۆپێك كۆ ببنەوە، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆشیان لە دوای دابەزینی زۆری نرخی نەوت لە مانگی ئاداری رابردوو هات بەهۆی شێوانی دۆخی بانكەكان و كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.