ساڵانە بەبڕی 200 ملیۆن دۆلار 40 ملیۆن نەمام هاوردەی سلێمانی دەکرێت

ئا: زریان محەمەد

خاوەن نەمامگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیەوە داوا دەکەن شارەوانی سلێمانی ناوچەیەکی تایبەتیان بۆدابین بکات‌و سەرجەمیان لەیەک شوێندا کۆبکەنەوە بۆئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی تەندروستانە کارەکانیان بکەن‌و هاوڵاتیان سوودمەند بن لەتەواوی نەمامگەکان نەک پەرتەوازە بن‌و هەریەکەو لەناوچەیەک بێت بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بەرهەمی نەمامیان هەبێت.

لەیاداشتێکدا کە ئاراستەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کراوە لەلایەن نوێنەرانی نەمامگەکانی سلێمانی تیایدا داوە دەکەن لەڕێگەی ژووری بازرگانیەوە لەناوچەیەکی شاری سلێمانی لەلایەن شارەوانییەوە کار بکەن بۆ دابین کردنی زەوی بۆ نەمامگەکانی سلیمانی.

یاداشتەکەی خاوەن نەمامگەکان ئاماژە بەوە کراوە “ئێمە توێژێکین بریتین لە 50 خاوەن نەمامگا پەرتەوازەین بەناو شاری سلیمانی، ڕوڵێکی بەرچاومان هەیە لەبوژانەوەی ئابووری ئەم شارەو دابین کردنی نەمام، چ بۆ شوینە گشتیەکان یان بۆ فەرمانگەو ماڵەکانی سلیمانی. لەهەمان کات دەستێکی باڵامان هەیە لەدابین کردنی هەلی کار بۆ گەنجانی هەڵگری بڕوانامە کشتوکاڵیەکان‌و توێژەکانی تری کۆمەڵگا هەر لەئوتومبێلی بارهەڵگرو کرێکارو کارگەکانی دروست کردنی بیتموس‌و کومپوس کە ئێستا خەریکە ژمارەیان زۆر ئەبێت، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی تا ئیستا وەکو شارەکانی تری کوردستان هاوکاری نەکراوین، نەمانتوانیوە وەکو پێویست نەمام بەرهەم بهێنین، بەتایبەت لەبەر بەرتەسکی شوێنی کارەکەمان. پێمانباشە ئەو راستیە تاڵەیش بە بەڕێزتان ڕابگەیەنین هەر نەمامگایەک بەمعدلی بایی زیاتر لە 400 هەزار دۆلار ساڵانە لەدەرەوە نەمام هاوردە دەکەین کە سەرجمی دەکاتە 200 ملیۆن دۆلار، لەهەمان کات بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن نەمام لەساڵێکدا هاوردە دەکەین لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، هۆڵەندا، ئیتالیا، چین”.

ئاماژە بەوەش کراوە “ئەگەر لەلایەن بەڕێزتانەوە پارچە زەویەکی گونجاومان بۆ تەرخان بکرێت لەجێگایەکی شیاوی لەسنوری شارەوانی سلیمانی دەتوانین زۆربەی ئەو نەمامەی لەدەرەوە هاوردە دەکرێن لای خومان بیانهینە بەرهەم‌و رێگری بکەین لەچونە دەرەوەی دراوی قورس لەشارەکەمان سەڕەرای ئەوەی دەتوانین چەندین هەزار هەلی کاری تر دەستەبەر بکەین لەهەمانکات جێگایەکی جوان لەسنوری شارەوانی سلێمانی بێنینە کایەوەو کارئاسانی بۆ هاوڵاتی بکەین، دوای ئەوەی هەموومان لەزۆنێک کۆ دەکرێینەوە، دەمانەوێ بەوەیشەوە نەوەستین بەرهەمی خۆمان هەناردەی دەرەوەی شاری سلیمانی بکەین دوای ئەوەی حکومەت هاوکار بێت لەڕێگری کردنی لەهاوردە کردنی نەمامی دەرەکی چ بەدانی باج یان قەدەغە کردنی ئەوەیشمان لەبیر نەچیت وڵاتەکەمان لەبەر کەمی سەوزی دوچاری بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بۆتەوە”.

خاوەن نەمامگەکان لەکۆتایی داواکاریەکەیاندا ئاماژەیان بەوەش داوە “سەڕەرای ئەوەی ئەم کارئاسانیە دەبێتە مایەی ئەوەی هاوڵاتی جگە لەوەی بەئاسانی ئەو بەرهەمانەیان دەستی ئەکەوێت بەنرخێکی هەرزانیش دێتە بەردەستی، بۆیە داواکارین لەبەڕێزتان هەوڵێکی بوێرانە بدەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەم داواکاریەمان”.

وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەمبارەوە بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی ڕاگەیاند “وەک بەشی کشتوکاڵی ژورەکەمان هەستمان بەوە کردووە کە نەمامگەکان بەشێوەیەکی پێویست ڕێکنەخراون‌و بڵاوبونەتەوە بەهۆی نەبونی شوێنی گونجاو ناتوانن بەرهەمی نەمام زیاد بکەن، ئەمەش وایکردووە زۆرترین نەمام لەدەرەوەی وڵات هاوردەی کوردستان بکرێت”.

راشیگەیاند “خاوەن نەمامگەکان داواکاریەکیان ئاڕاستەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی کردووە لەڕێگەی بەشی کشتوکاڵەوە‌و ئێمەش کۆبونەوەیەکی تایبەتمان لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی بۆ نوێنەرو ژمارەیەک لەخاوەن نەمامگەکان ئەنجام دا، داواکاری خۆیان دایە دەست سەرۆکی ژوور تا بتوانن بەفەرمی کاریان بۆ بکەن‌و لەڕێگەی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی سلێمانیەوە ناوچەیەک دیاری بکرێت تایبەت بەنەمامگەو کۆکردنەوەیان لەیەک شوێندا”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی سلێمانی دیاریکراوە بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند “پشتیوانی لەداواکاری خاوەن نەمامگەکان دەکەین بۆ دیاری کردن‌و کۆکردنەوەیان لەشوێنێکی تایبەتدا تا لەو پرژو بڵاوییەی هەیە لەناو بازاڕو گەڕەک‌و کۆڵانەکاندا ڕزگاریان بێت‌و هەمووان لەناوچەیەکی دیاریکراودا کار بکەن کە ئەوەش جوانیەک بۆشار دروست دەکات”.

راشیگەیاند “ئێمە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ کۆکردنەوەی نەمامگەکان لەناوچەیەکی تایبەتدا بۆ ئەوەی بتواندرێت بەرهەمی خۆیان هەبێت‌و نەمامی پێویست بەرهەم بهێنن لەگەڵ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی‌و سەرۆکی شارەوانی‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەکاری نەمامگەکان گفتوگۆ دەکەین تا بتواندرێت کارێکی پێویستیان بۆ بکرێت‌و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ دانانی شوێن”.

ئاماژەی بەوەش دا بەپێی ئەو خەمڵاندنەی خاوەن نەمامگەکان دیارییان کردووە ساڵانە بڕێکی زۆر لەپارەی ناوخۆ بۆ کڕینی نەمام دەڕواتە دەرەوە، گەربێتو لەناوخۆی هەرێمدا ئەو نەمامانە بەرهەم بهێندرێت، ئەوا بەشێکی زۆری ئەو پارەیە لەناوخۆدا دەمێنێتەوەو دەرفەتی کاریش زیاد دەبێت”.