زیاتر لەهەزارو ٥٠٠ کەس لەسلێمانییەوە بۆ سەیری مۆندیال چونەتە قەتەر

ئا: زریان محەمەد

لەسەرەتای دەستپێکردنی یاریەکانی مۆندیال لەوڵاتی قەتەر، هەوادارانی وەرزش لەشاری سلێمانی خواستیان بۆ سەیرکردنی یاریەکانی مۆندیال هەبووەو لەو ماوەیەدا زیاتر لەهەزارو ٥٠٠ کەس بۆ سەیری یارییەکان چونەتە وڵاتی قەتەر.

عەتا ئەنوەر خزر، لێپرسراوی كۆمەڵەی كۆمپانیاو نوسینگەكانی گەشت‌و گوزار لەسلێمانی بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “هەر لەسەرەتای نزیکبونەوە لەمۆندیال خواست لەسەر کڕینی پاکێجەکانی یاریەکان پەیدا بووە لەلایەن وەرزشدۆستان‌و ئەو کەسانەی خواستی گەشتیان هەیە لەکاتی بۆنەو ڕوداوە مێژویەکاندا بەتایبەت هەر لەسەرەتای مانگی هەشت‌و نۆو نزیکبونەوە لەیاریەکانی مۆندیال خواست لەسەر پاکێجەکان هەبووە”.

وتیشی “سەرجەم کۆمپانیاکان‌و نوسینگەکانی فڕۆکەوانی لەشاری سلێمانی لەمانگی هەشتەوە دەستیانکرد بەفرۆشتنی پاکێجەکان کە هەر پاکێجێک بریتیە لەوەرگرتن ڤیزاو تکتی فرۆکەی هەردوو سەرو هۆتیل بۆ مانەوەی گەشتیارو گواستنەوەیان لەسەرەتادا نرخی ئەو پاکێجانە بۆ هەر گەشتیارێک هەزارو ٤٥٠ دۆلار بوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی یارییەکان بەپێی ڕۆژو قۆناغەکانی یاریەکەو زیاد بوونی خواست لەلایەن هاوڵاتیانەوە نرخەکانیش گۆڕان”.

لێپرسراوی كۆمەڵەی كۆمپانیاو نوسینگەكانی گەشت‌و گوزار لەسلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات دوای ئەوەی داخوازی زۆرتر لەسەر پاکێجەکان هەبون لەقۆناغی دوهەمی مۆندیالدا نرخی پاکێجەکان گۆڕان، لەهەزارو ٤٥٠ دۆلارەوە نرخەکان بون بەهەزارو ۸٠٠ دۆلار، پاشان بوو بەدوو هەزارو ٤٠٠ دۆلار، ئەو وتی “لەگەڵ نزیکبونەوەی یارییە کۆتاییەکان نرخەکان زیاتر گران بون بەتایبەتی یاری کۆتایی مۆندیال نرخی پاکێجی لەئێستادا گەشتۆتە زیاتر لەشەش هەزار دۆلار”.

وتیشی “هاندەرێکی زۆرو گەشتیاران‌و ئەوانەی خواستی بینینی یاریان هەیە لەشاری سلێمانیەوە سەردانی وڵاتی قەتەریان کردووەو بەپێی ئەو داتایەی کۆمانکردوەتەوە لەشاری سلێمانیەوە تا قۆناغی ۱٦ی مۆندیال زیاتر لەدوو هەزار کەس سەردانی وڵاتی قەتەریان کردووە”.

لێپرسراوی كۆمەڵەی كۆمپانیاو نوسینگەكانی گەشت‌و گوزار لەسلێمانی ئەوەش ڕوندەکاتەوە “لەئێستادا کێشەیەک بۆ گەشتیارانی وڵاتانی عێراق‌و سوریاو یەمەن هەندێک وڵاتی دیکە لەلایەن وڵاتی قەتەرەوە دروستبووە کە پێدانی ڤیزای لەسەریان قورستر کردووەو ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا ڤیزا دەگەڕێتەوە ئەمەش وایکردووە سەردان کردن لەعێراق‌و کوردستانەوە کەم بێتەوە، بەڵام هەوڵەکان هەر بەردەوامە”.

بەپێی قسەی عەتا ئەنوەر، مۆندیال جموجۆڵێکی باشی کارکردنی خستۆتە ناو کۆمپانیاو نوسینگەکانی فڕۆکەوانی کە توانیویانە کار لەسەر فرۆشتنی پاکێجی یاریەکان بکەن‌و دروستبونی کێشەی درەنگ گەڕانەوەی ڤیزای هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبونەوەی گەشتیارو خاوبونەوەی کاری نوسینگەکان.

رێورەسمی مۆندیالی قەتەر لە٢١ / ١١ / ٢٠٢٢دا دەستیپێکرد، نزیکەی مانگێک دەخایەنێت‌و یاری کۆتایی لە ١٨ی مانگی ١٢ی لەیاریگای لوسێل بەڕێوەدەچێت.

 ئەمە یەکەمین خولی مۆندیالی فیفایە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهانی عەرەبی بەڕێوە دەچێت.

 لەمۆندیالی ٢٠٢٢دا، ٣٠ هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە کە پشکی شێر بەر کیشوەری ئەوروپا کەوتووەو تا کۆتایی پاڵەوانێتیەکەش ٦٤ یاری ئەنجامدەدرێن.