رێككه‌وتنی ئێران و سعودیه‌ نرخی تمه‌نی به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشاند

رۆژێك دوای رێككه‌وتنی نێوان ئێران و سعوودیه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان، نرخی تمه‌ن زۆر زیاتر له‌ رۆژانی پێشتر هه‌ڵكشا و گه‌یشته‌ به‌رزترین نرخ كه‌ له‌ ماوه‌ی مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرابێت.

به‌پێی دواین نرخی دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی تاران، ئێسته‌ هه‌ر 100 دۆلارێك به‌  4 ملیۆن و 380 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرێ، له‌ كاتێكدا له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی رابردوو به‌های ١٠٠ دۆلار گه‌یشته‌ نزیكه‌ی ٦ ملیۆن تمه‌ن.

ره‌وتی ئه‌و دابه‌زینه‌ی دۆلار دوای ئه‌وه‌ زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند كه‌ دوێنێ هه‌ینی، ئێران و سعوودیه‌ به‌ میانگیریی چین رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان واژوو كرد و به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كه‌، دوای حه‌وت ساڵ له‌ پچڕانی پێوه‌ندی، ئه‌و دوو وڵاته‌ دووباره‌ ده‌ست به‌ پێوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

بڕیار دراوه‌ له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا ئێران و سعوودیه‌ باڵوێزخانه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

بڕیار دراوه‌ له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا ئێران و سعوودیه‌ باڵوێزخانه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ته‌واوی ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام ته‌نیا هه‌واڵی رێككه‌وتنه‌كه‌ كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی خستووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕه‌كان و له‌ به‌های تمه‌نی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌.

پسپۆڕانی ئابووری ده‌ڵێن بۆ به‌رده‌وامبوونی سه‌قامگیریی به‌های تمه‌ن، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن بزانن ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك تا دۆلاری زیاتر بڕژێته‌ ئێران یان نا، هه‌ڵبه‌ت میدیاكانی نزیك له‌ حكوومه‌تی ئێران گه‌شبینن به‌م رێككه‌وتنه‌ كه‌ بتوانن په‌ره‌ به‌ پێوه‌ندییه‌ بازرگانی و ئابوورییه‌كانیان بده‌ن و به‌های تمه‌ن به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

پێویسته‌ بوترێ ئێران له‌ كاتێكدا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ واژوو كردووه‌، كه‌ له‌ لاوازترین دۆخی چوار ده‌یه‌ی خۆیدایه‌ و كۆمه‌ڵێك قه‌یران و ته‌نگژه‌ باڵیان به‌سه‌ر ئێراندا كێشاوه‌.